مەسروور بارزانی لەگەڵ کەسایەتییەکانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان کۆبووەوە

مەسروور بارزانی لەگەڵ کەسایەتییەکانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان کۆبووەوە
پەیامی کورد    ...   مەسروور بارزانی لەگەڵ کەسایەتییەکانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان کۆبووەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوای سەر بە قەزای خورماڵ لە دیداری ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان ڕایگەیاند: ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین.

ڕۆژی (٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوای سەر بە قەزای خورماڵ، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکانی هەڵەبجە، سەید سادق، پێنجوێن، هەورامان و شارەزوور کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا مەسروور بارزانی لە گوتەیەکدا ئاماژە بە گرنگیی ناوچەی هەورامان کرد کە مێژوویەکی دیاری لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستاندا هەیە و دەڤەرێکی گرینگی گەشتیاریشە.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت گوتی: ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ لەپێناو زیاتر گەشەپێدانی ئەم ناوچەیە و برەودان بە کارنامەی حکوومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان.