سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت ووڵاتی عەرەبی کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت ووڵاتی عەرەبی کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت ووڵاتی عەرەبی کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت ووڵاتی عەرەبی دەکات، باڵیۆزانی ووڵاتانی عەرەبی هیوای ئەوەیان خواستووه‌ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ببێتە مایەی خێر و سەقامگیری بۆ عێراق و هەروەها جەختیشیان لەوە کردەوە کە ووڵاتەکانیان پشتیوانی تەواوی عێراق دەبن بۆ چارەسەربوونی گرفتە سیاسییەکان.
ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی تەممووزی ٢٠٢٤ لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت ووڵاتی عەرەبی کرد کە پێکهاتبوو لە تارق عەبدۆڵڵا ئەلفەرەج باڵیۆزی کۆوەت لە عێراق و سوڵتان موبارەک ئەلکوبەیسی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و ئەحمەد سەمیر حلمی باڵیۆزی میسر لە عێراق و خالد ئەحمەد ئەلمەنسوور باڵیۆزی بەحرێن لە عێراق و شێخ مەحموود ئەلخروسی باڵیۆزی سەڵتەنەتی عومان لە عێراق و زێد ئەبوو حسان هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەردەن لە عێراق و سەعید ئەلقەحتانی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی سەعوودیە لە عێراق و محەمەد ساڵح ئەلتنیجی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئیمارات لە عێراق.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو و هێمای بەوەدا کە کەشێکی ئەرێنی لە بارودۆخی سیاسی عێراق و هەڵوێستەکانیان هاتۆتە ئاراوە و دەکرێ لەسەر بنەمای ئەو کەشە تازەیە بگەینە دەرئەنجامی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی کۆسپ و تەنگژەکان کە ئەوە خۆی لەخۆیدا کاریگەری لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دەبێت.

سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ڕۆشنایی خستەسەر بابەتی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و ڕایگەیاند پێویستە ئەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و تەوافوقێکی نیشتمانی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ناوچەکە بنەمایەکی بۆ دابنرێت.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزانی ووڵاتانی عەرەبی هیوای ئەوەیان خواست سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ببێتە مایەی خێر و سەقامگیری بۆ عێراق و هەروەها جەختیشیان لەوە کردەوە کە ووڵاتەکانیان پشتیوانی تەواوی عێراق دەبن بۆ پتەوبوونی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و چارەسەربوونی گرفتە سیاسییەکانی عێراق.