قایمقامی زاخۆ : سایلۆی زاخۆ دەکرێتە پارک و دوو سایلۆی تازە درووست دەکرێت

قایمقامی زاخۆ : سایلۆی زاخۆ دەکرێتە پارک و دوو سایلۆی تازە درووست دەکرێت
پەیامی کورد   ...   قایمقامی زاخۆ : سایلۆی زاخۆ دەکرێتە پارک و دوو سایلۆی تازە درووست دەکرێت

لە وەتەی زاخۆ بووە بە ئیدارەی سەربەخۆ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووەكانەوە بایەخی پێ دەدات و دەیەوێت ببێتە ئیدارەیەك لە ئاستی ژێرخانە كشتوكاڵی و بازرگانی و گەشتیارییەكەیدا بێت، و لەو ڕووەوە سایلۆی ئێستای زاخۆ تێک دەدرێت و لە جێگەیدا دوو سایلۆی دیکە درووست دەکرێت.

مشیر محەممەد، قایمقامی زاخۆ، ڕایگەیاند : لە زاخۆ سایلۆیەکمان ھەیە كە كۆن بووە و توانای هەڵگرتنی بەرهەمی دەڤەرەكەی نییە، بڕیار دراوە تێکبدرێت و شوێنەکەی بگوازرێتەوە بۆ نزیک زەوی جووتیارانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شوێنی ئەو سایلۆیەش دەکرێتە پارکێکی گەورە و مۆدێرن بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاد بکرێت، ھەر بۆیە ئەو سایلۆیە دەگوازرێتەوە و شوێنەکەی دەکەینە پارک.

لەبارەی پرۆژەی داهاتووی سایلۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ووتی: شوێنی سایلۆی ئێستای زاخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ناحیەی دەرکارێ و سایلۆی دووەمیش لە ناحیەی باتێل درووست دەکرێت کە دوو سایلۆی تازە بە قەبارەیەکی گەورە درووست دەکرێت، ھەم نزیک بن لە شوێنی زەویی جووتیاران و بەرھەمیان، بۆ ئەوەی تێچووی گواستتنەوەیان زۆر نەبێت، ھەمیش ھەردوو سایلۆ نزیک یەک بن و توانای ھەڵگرتنی بەرھەمی جووتیارانی سنووری زاخۆیان ھەبێت.

قایمقامی زاخۆ ڕوونیشیکردەوە: ئامانج لە دروستکردنی ئەو دوو سایلۆیە، زیاتر بۆ دوو مەبەستە، ئەوانیش خزمەتکردنی جووتیاران و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵە، دووەمیش پاراستنی ئاساییشی خۆراکە.