بە بڕیاری مەسروور بارزانی زیاتر لە ٥٥٧ ملیۆن دینار بۆ خزمەتگوزاری هەڵەبجە خەرج كرا

بە بڕیاری مەسروور بارزانی زیاتر لە ٥٥٧ ملیۆن دینار بۆ خزمەتگوزاری هەڵەبجە خەرج كرا
پەیامی کورد   ...   بە بڕیاری مەسروور بارزانی زیاتر لە ٥٥٧ ملیۆن دینار بۆ خزمەتگوزاری هەڵەبجە خەرج كرا

لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٥٥٧ ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرج كرا، تا كۆمەڵێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ بكرێت.

پێنجشەممە، ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوژمەی (٥٥٧،٤٨٠،٠٠٠) دینار بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا خەرج دەكرێت و هەر ئەمڕۆش گوژمەكە لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە كرا.

وەك وەزارەتەكە ئاماژەی پێ كردووە، لە دانیشتنێكدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەلام بیلال ئەسكەندەر، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەدا، باسیان لە جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری هەڵەبجە كردووە كە لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێت لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری هەڵەبجە بڕیاری دا ژمارەیەك پڕۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێ بكرێن.
هاوکات وەزارەتی شارەوانی، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەی ڕاسپاردووە، بەزووترین كات دەست بكەن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان.