بەڕێوبەری گشتی گومرکی ھەرێم : دانانی خاڵی گومرکمان لەنێوان ھەرێم و بەغدا ڕەتکردەوە

بەڕێوبەری گشتی گومرکی ھەرێم : دانانی خاڵی گومرکمان لەنێوان ھەرێم و بەغدا ڕەتکردەوە
پەیامی کورد   ...   بەڕێوبەری گشتی گومرکی ھەرێم : دانانی خاڵی گومرکمان لەنێوان ھەرێم و بەغدا ڕەتکردەوە

بەڕێوبەری گشتی گومرکی ھەرێم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە بارەی دوو پرس لەگەڵ بەغدا دانووستانمان کردووە و دانانی خاڵی گومرکمان لەنێوان ھەرێم و بەغدا ڕەتکردووەتەوە.

 ساماڵ عەبدۆلڕەحمان، بەڕێوبەری گشتی گومرکی ھەرێم ڕایگەیاند: وەک شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغداین و لەسەر دوو پرس لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ کۆبووینەتەوە، یەکێک لەو بابەتانەی ئێمە جەختمان لەسەر کردەوە دانەنانی خاڵی گومرگییە لەنێوان پارێزگاکانی ھەرێم و عێراق، چونکە پێچەوانەی ھەموو ڕێککەوتنەکانی پێشووی نێوان ھەردوو حکوومەتە. 

بەڕێوبەری گشتی گومرکی ھەرێم دەشڵێت : تەوەری دووەمی کۆبوونەوەی نێوان شاندی ھەرێم و شاندی بەغدا لەبارەی پرسی دەروازە سنوورییەکان بوو، لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو کۆنووسێک ئامادەکراوە و کاری لەسەر نەکراوە، داوامان کرد کار بەو کۆنووسە بکرێت دیارە بۆچوونی جیاوازی لەسەر ھەبوو، بڕیاردرا ھەریەک لەلای خۆیەوە پێیدا بچێتەوە.

لەبارەی کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لە نێوان تورکیا و عێراق، ساماڵ عەبدولڕەحمان ووتی: ئەوە خاڵی گومرگییە نەک دەروازە، داوامان کردووە دانانی ئەو خاڵە گومرگییە ھەڵپەسێرن و ڕابگیرێت، بەشێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەکە باش بوو، بەڵام ھەندێ بابەت زیاتر ھەڵدەگرێت و پێویستی بە کاتی زۆرتر ھەیە بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتن.