ئەمریكا: بەرپەرچی مووشەكێك و چوار درۆنی حوسییەكانمان دایەوە

ئەمریكا: بەرپەرچی مووشەكێك و چوار درۆنی حوسییەكانمان دایەوە

سوپای ئەمریكا ئاشكرایكرد، بەرپەرچی مووشەكێكی بالیستی و چوار درۆنی حوسییەكان دراوەتەوە، كە مەترسییان بۆ سەر كەشتییەكان لە كەنداوی عەدەن دروستكردبوو.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە (سێنتكۆم) لە راگەیەندراوێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئاماژەی بەوەكردووە، 24ـی نیسانی 2024، توانیویانە لە كەنداوی عەدەن بەرپەرچی مووشەكێكی بالیستی بدەكەنەوە كە لەناوچەكانی ژێر دەستی حوسییەكان لە یەمەنەوە هەڵدرابوو.

روونیشكراوەتەوە، ئامانجی مووشەكەكە كەشتی "ئێم ڤی یۆركتاون"ی ئەمریكی بوو كە ئاڵای ئەمریكای هەڵكردبوو و تیمەكەی لە 18 هاوڵاتی ئەمریكی و چوار یۆنانی پێكهاتبوون، هیچ زیانێك بەر كەشتییەكە یاخود هەر كەشتییەكی دیكە نەگەیشتووە.

سێنتكۆم راشیگەیاندووە، هاوكات هەمان رۆژ بەرپەرچی چوار درۆنی حوسییەكانیان داوەتەوە، كە بەهەمان شێوە هەڕەشە بوون لەسەر كەشتییە بارزگانییەكان لەناوچەكەدا.

جەخت لەوەشكراوەتەوە، بەردەوامدەبن لە پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەكان ئەوەش لەپێناو پاراستنی كەشتییە ئەمریكی و بازرگانییەكان.

هاوكات، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەكانی یەمەن رایگەیاندووە، كەشتییەكی جەنگیی ئەمریكی و كەشتییەكی بازرگانیی ئەمریكی لە كەنداوی عەدەن و كەشتییەكی ئیسرایلیان لە زەریای هادی  كردووەتەئامانج.