ئەرجەنتین داوای دەستگیرکردنی وەزیری ناوخۆی ئێران دەکات

ئەرجەنتین داوای دەستگیرکردنی وەزیری ناوخۆی ئێران دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێستای ئێران و فەرماندە باڵای سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی، بە تۆمەتی تەقاندنەوەی ناوەندێکی ڕۆشنبیریی جووەکان لە بوینس ئایرێس، کە 30 ساڵ لەمەوبەر ئەنجام دراوە، تۆمەتبارە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتیندا هاتووە، کە ئەو وڵاتە داوای لە ئینتەرپول کردووە، ئەحمەد وەحیدی دەستگیر بکات، بەپێی زانیارییەکان، ئەحمەد وەحیدی لە گەشتی دەرەوەی وڵاتە و ئەگەری دەستگیرکردنی لە ئارادایە.

لە کاتی بۆردومانکردنی ناوەندی جووەكان لە ئەرجەنتین (ئامیا) لە ساڵی 1994، 85 کەس کوژران و 300 کەسیش بریندار بوون.

دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەرجەنتین هەڵبژاردنی عەمید ئەحمەد وەحیدی، وەک وەزیری ناوخۆ بە سووکایەتی بە قوربانیانی بۆردومانی ئامیا و سیستەمی دادوەریی ئەو وڵاتە وەسف کرد.