مەسروور بارزانی : کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەبوو

مەسروور بارزانی : کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەبوو
پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەبوو

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە "زۆر باش" ناودەبات و دەڵێت، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقووڵییەکانیان تاوتوێ کردووە.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، 14-06-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، هەردوولا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.

مەسروور بارزانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا  بە ناوی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان "بە خێرهاتنێکی گەرمی" سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بۆ بەغدا و هەولێر کرد.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : "ئێمە کۆبووەنەوەیەکی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ جەنابی وەزیر. لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی دوو لایەنە، لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها باشترکردنی ئیستیقراری سیاسی لە ناوچەکە".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، هەردوولا باسیان لە "کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکە"ـیان کردووە و هاوڕابوونە لەسەر ئەوەی سەقامگیری ناوچەکە "لە بەرژەوەندیی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە".

تەواوی قسەکانی مەسروور بارزانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا:

بە ناوی خۆم و حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە خێرهاتنێکی گەرمی عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەغدا و هەولێر دەکەم. زۆر زۆر بەخێربێی جەنابی وەزیر.

ئێمە کۆبووەنەوەیەکی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ جەنابی وەزیر لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی دوو لایەنە، لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها باشترکردنی ئیستیقراری سیاسی لە ناوچەکە.

باسی کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکەمان کرد، هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە ئیستیقراری ناوچەکە لە بەرژەوەندی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە.

جارێکی دیکە بەخێرهاتنێکی گەرمی جەنابی وەزیر دەکەم، زۆر زۆر بەخێربێن.