سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆ بووەوە

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆ بووەوە
پەیامی کورد    ...   سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆ بووەوە

پێنجشەممە 5/9، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ کرا.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کارکردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیر و ڕا و ڕاگەیاندن و ئازادیی کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی و هاوکاری بەردەوامی ئەمریکای کرد و پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پاراستنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کات و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەخت کردنەوە بوو لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە نایاساییەکان و زەوینە خۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.