دژوار فایەق : داوامان لە ھادی عامری کردووە رێگری لە سوپای عێراق بکات

دژوار فایەق : داوامان لە ھادی عامری کردووە رێگری لە سوپای عێراق بکات
پەیامی کورد    ...   دژوار فایەق : داوامان لە ھادی عامری کردووە رێگری لە سوپای عێراق بکات

نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ داوای لە ھادی عامری سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ کردووە رێگری لە سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان بکات، کە دەستوەردان لە کاروباری جووتیاران نەکرێت.

دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ ڕایگەیاند : "ئێمە لە کۆبوونەوەکانی رابردوو زۆر باسمان لە دەستوەردانەکانی سوپای عێراق کردووە لە کەرکووک و سەرگەڕان و ناوچەکانی دیکە لە زەوی جووتیاران، ھەموو جارێک ھادی عامری سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠، بەڵێنی پێداوین کە ھەر کاتێک دەستوەردان کرا لەلایەن سوپای عێراق ناوبراو ئاگادار بکرێتەوە بۆ راگرتنی سوپا، نووسراویش بۆ حکوومەتی عێراق کراوە وەک راسپاردە و لە کۆبوونەوەی رابردوویش و دووپاتمان کردووەتەوە نابێت سوپا دەستوەردان لە کاروباری جووتیاران بکات."

نوێنەرەکەی ھەرێم دەشڵێت، لە سەرگەڕان و پردێ و ھەندێ شوێنی دیکە سوپا دەستوەردانی کردووە و رێگری لە جووتیارانی کورد بۆ دروێنەکردنی بەرھەمەکانیان دەکات، لەبەر ئەوە داوام لە عامری کردووە پابەندی بەڵێنکەی خۆی بێت و رێگری لە دەستوەردانی سوپای عێراق بکات، چوونکە ئەمڕۆ لە پردێ پەیوەندیم پێوەکراوە جگە لە رێگری، دوو کەسیش دەستگیر کراون.

دژوار فایەق ئاماژەشی دا، "ئەوەی سوپای عێراق دەیکات ھیچ پەیوەندییەکی بە سوپاوە نییە، یەکێک لە کارەکانی لیژنەی مادەی ١٤٠ پرسی زەویە و راسپاردەمان داوەتە حکوومەتی فیدڕاڵ کە نابێت سوپا دەستوەردان لە کێشەی زەوی جووتیاران بکات و نابێت گرێبەستەکانی سەر زەوی کورد کە کراون نوێ بکرێنەوە، بڕیار دەرچووە زەوییەکان بگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان، ھەموو ئەو زەویانەی بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی بەناو کاروباری باکوور و ئەنجوومەنی بەناو شۆڕشی ھەڵوەشاوە دەگەڕێنینەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.