ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور: حكومەتەكان كاری تەواو ناكەن بۆ پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری

ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور: حكومەتەكان كاری تەواو ناكەن بۆ پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری

 

ڕێكخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێكدا وتی مەترسییەكانی حكومەتەكان و یاسادانەران یەكێكن لە نیگەرانییە هەرە سەرەكییەكان بۆ ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا.

ڕێكخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا وتی حكومەت و بەرپرسانی سیاسیی زیاتر شكست دەهێنن لە پشتگیریكردن و ڕێزگرتن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و لە ڕاپۆرتەكەدا ڕیزبەندییەك هەیە كە تیشك دەخاتە سەر ئەو هۆكارە سیاسیی و یاسایی و ئابوورییانەی كە كاردەكەنە سەر ڕۆژنامەگەریی، هەروەها دۆخی ئاسایشی ڕۆژنامەنووسانی 180 وڵات و ناوچە.

ڕێكخراوەكە وتی هۆكاری سیاسیی هۆكاری سەرەكی بووە لە خراپتربوونی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا لە سەرانسەری ناوچەكەدا.

كلەیتن وایمەرزی بەڕێوبەری ئۆفیسی ڕێكخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لە ئەمەریكا بە دەنگی ئەمەریكای وت " كارەكتەرە سیاسییەكان پشتئەستوورترن بۆ سەركوتكردنی ڕۆژنامەگەریی، بۆ ناشرینكردنی ڕۆژنامەگەریی، بۆ هێرشكردنە سەر ئەندامانی ڕۆژنامەگەریی و ڕۆژنامەنووسان، بۆ هەوڵدان بۆ بە چەككردنی ئامڕازەكانی حكومەت دژی ڕۆژنامەكان كە زۆر گرنگن بۆیان."

بەپێی ڕێكخراوەكە، ئەو ڕەوتە لەم ساڵدا زیاتر نیگەرانكەرتر دەبێت لە كاتێكدا كە هەڵبژاردن لە زۆرێك لە وڵاتاندا بەڕێوەدەچێت. زۆرجار هەڵبژاردنەكان توندوتیژی تێدا دەبێت دژی ڕۆژنامەنووسان و سەپاندنی كۆتوبەندی دیكە بەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەریدا.

وایمەرز دەڵێت ئەرجەنتین بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە دۆخی ڕۆژنامەگەریی بە شێوەیەكی بەرچاو خراپ بووە تێیدا. لە پلەی 40 ەوە دابەزیوە بۆ پلەی 60.

وتی ئەم خراپبوونە بە شێوەیەكی بەرچاو هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەرجەنتین خافیێر میلی " كە بە ئاشكرا توندوتیژ بووە بەرامبەر ڕۆژنامەگەریی، هەروەها پارەی میدیا گشتییەكانی ئەرجەنتینی بڕیوە و سەركردایەتی هەوڵێكی كردووە بۆ ناشرینكردنی ڕۆژنامەگەریی."

بەپێی ڕێكخراوەكە، كارەكانی میلی دژی ڕۆژنامەگەریی تیشك دەخاتە سەر دیاردەیەكی فراوانتر كە تێیدا وڵاتان و هێزە سیاسییەكانی دیكە ڕۆڵێكی كەم دەبینن لە پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەرییدا.

نەرویج پلەی یەكەمی پاراست لە باشترین وڵاتدا بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەریی. هەریەك لە دانیمارك و سوید و هۆڵەندا و فینلەندا لە باشترین پێنج وڵاتەكاندا بوون لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە.

لە كۆتایی ڕیزبەندییەكەدا ئێران و كۆریای باكوور و ئەفغانستان و سوریا و ئییتریا دێن.

ئەمەریكاش لەم ساڵدا 10 پلە دابەزیوە بۆ پلەی 55، ئەوەش بەهۆی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان و هێرشەكەی ساڵی ڕابردووی پۆلیس بۆ سەر ڕۆژنامەیەك لە كانساس.

ئێمیلی ویلكینزی سەرۆكی یانەی نیشتیمانی ڕۆژنامەگەری لە واشنتن وتی ئەوە جێی نیگەرانییە كە ببینیت ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە ئەمەریكا لە مەترسیدایە.

ویلكینز وتی: سیاسییەكان خۆیان دەخەنە پێگەیەكەوە كە دژی ڕۆژنامەگەریین، بە ڕۆژنامەگەریی دەڵێن دوژمنی گەل. هەر كاتێك كە ڕۆژنامەنووسان بە تایبەتی و میدیاكان بە گشتی ناشرین دەكەن، لێدانێك دەبێت لە دیموكراسی، ئەوەش شتێكە كە سەرانسەری وڵاتەكەمان لاواز دەكات."

سەبارەت بە ڕووسیاش وایمەرز وتی " لە ڕاستیدا 2023 گۆڕانكارییەكی زۆری تێدا نەبوو چونكە دۆخەكە لە ساڵی 2022 ئەوەندە خراپ بوو كە ناتوانرێت لەو خراپتر بیت."

هۆكارەكانی ئەوەش دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانە لە ڕووسیا، بەو دوو ئەمەریكاییەشەوە كە دەستگیركراون.

ڕۆژنامەنووسی واڵ ستریت جێرناڵ ئیڤان گێرشكۆڤیچ لە مانگی سێی ساڵی 2023 ەوە بە تۆمەتی سیخوڕیكردن لە ڕووسیا زیندانیكراوە، واڵ ستریت و حكومەتی ئەمەریكاش ئەوە ڕەت دەكەنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش ڕایگەیاند كە گێرشكۆڤیچی تەمەن 32 ساڵ بە هەڵە دەستگیركراوە.

چین كە خراپترین وڵاتە لە جیهاندا بۆ زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووسان لە پلەی 172 دا مایەوە.

وایمەرز وتی " ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بەوەی كە چین وادەكات مۆدیلێكی دژ بە بەها دیموكراسییەكان لە جیهاندا بخاتەوە كە تێیدا ئازادی ڕۆژنامەگەریی و ئازادی ڕادەربڕین سەركوت دەكات."

بەڵام لە هەندێك وڵات و ناوچەی وەكو ئۆكرانیا و ئەمەریكای باشوور و چیلی دۆخی ڕۆژنامەنووسان بە بەراورد لەگەڵ پێشتردا باشتر بووە. ئۆكرانیا لە پلەی 61 ەوە بەرز بووەتەوە بۆ پلەی 18، چیلی لە پلەی 52 ەوە بەرز بووەتەوە بۆ پلەی 31.