image


پەیامی کورد... تیک تۆک ماوەی ڤیدیۆکانی بۆ ١٠ خولەک زیادکرد

ماوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک بڵاودەکرێنەوە، لە سێ خولەکەوە زیاد کرا بۆ ١٠ خولەک، وەک وتەبێژی ئەپڵیکەیشنەکە دەڵێت.

تیک تۆک ئەپڵیکەیشنێکی چینییە و تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆ، لە هاوینی ڕابردوودا ماوەی ڤیدیۆکانی زیاد کرد بۆ سێ خولەک، بەڵام لە نوێترین گۆڕانکاریدا، بڕیاریدا ماوەی هەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەسەر ئەپڵیکەیشنەکە بڵاودەکرێتەوە، بۆ ١٠ خولەک زیاد بکات.

وتەبێژێک بەناوی تیک تۆک ڕایگەیاند، بەکارهێنەرانی ئەپڵیکەیشنەکە ئاگادارینامەیان پێگەیشتووە بۆ مۆبایلەکانیان لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە و لەڕێگەی مات ناڤارا، ڕاوێژکار و شیکەرەوەی ئامرازەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداریی گۆڕانکارییەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەریش بڵاوکراوەتەوە.

ناڤارا دەڵێت، «گرتەی ڤیدیۆیی درێژ ڕێگە بۆ تیک تۆک خۆشدەکات بەشێوەیەکی باشتر ڕکابەریی یوتیوب بکات و بینەری تەمەن گەورەتر بەلای خۆیدا کەمەندکێش بکات و کاتی بەشداریکردنی زیاتر لەسەر ئەپڵیکەیشنەکە دەڕەخسێنێت».