image

ئۆتۆمبێلەکەی هتلەر لە ئەمەریکا دەفرۆشرێ

چاوەڕوان دەکرێ لە مانگی 6 ئۆتۆمبێلەکەی هتلەر لە شاری سکۆتسدیلی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمەریکی بەشێوەی بانگەشەی ئاشکرا (مەزاد) بکرێت.

میدیاکان باسی سەیارەکەی هتلەر دەکەن کە لە جۆری مارسیدس بنزە، یەکێکە لە گرنگترین ئۆتۆمبیلەکانی جیهان کە بەشێوەی بانگەشە دەفرۆشرێت.

ئەم ئۆتۆمبێلە لەسەر داوای ئەدۆڵف هتلەر و شۆفێرەکەی (ئەریخ کاتمک) دروستکراوە و ئۆتۆمبێلەکە بزوێنەرەکەی 7.7 لیترە و تواناکەی 230 ئەسپە و خێرایەکەیشی 160کم لە سەعاتێکدا و جامەکەی پێشەوەشی دژە گولەیە.

ئۆتۆمبێلەکە لە ساڵی 1939وە کاریان پێی کردووە و لە پێشوازیە فەرمییەکانی هتلەر بەکاریان هێناوە.

لەکاتی سەردانی کردنی بینیتۆ مۆسۆلینی بۆ میونخ بەم ئۆتۆمبێلە پێشوازی لێکرا.
هەروەها لە ساڵی 1940 هتلەر بەم ئۆتۆمبێلە لە بەرلین دەسوڕایەوە و پاش سەرکەوتنیان بەسەر فەرەنسادا و لەساڵی 1941یش دوای سەرکەوتنیان بەسەر یوگسلافیا و یۆنان بە هەمان ئۆتۆمبێل دەرکەوت.

لە ساڵی 1945 ئۆتۆمبێلەکە کەوتە دەست پۆلیسی سەربازی ئەمەریکی و پاشان بازرگانێکی ئەمەریکی ئۆتۆمبێلەکەی کڕیەوە و ماوەی 70 ساڵە لای ئەو ماوەتەوە.