image

پەیامی کورد     ...   زەوی بۆ ٣١ پڕۆژەی پیشەسازی تەرخان دەکرێت

لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکانی هەولێر رایگەیاند، بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان ، زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى بڕیاردراوە زەوی بۆ ٣١ پڕۆژەی پیشەسازی تەرخان بکرێت کە لەماوەی رابردودا داواکارییان پێشکەش کردبوو.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى سەرجەم ئەندامان لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان ئەنجامدرا.

ئەوەش هاتوە، لەکۆبوونەوەکەدا دواى هەڵسەنگاندنى پڕۆژەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستیان، لەکۆى ٣١ پڕۆژە کە داواى دابینکردنى زەویان کردبو، زەوی بۆ دروستکرنی ٢٠ پڕۆژەى پیشەسازى و وەبەرهێنانى قورس و مامناوەند لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر تەرخانکرا و ٤ پڕۆژە ڕەتکرایەوە، هەروەها داواشکرا ٧ پڕۆژە دیراسەى زیاتریان بۆ بکرێت.

لە راگەێندراوەکەدا هاتوە،  لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیریکردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان لە ساڵی ڕابردوو بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان ، زیادکردنى دەستى کار، ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لەهەولێرى پایتەخت لە بوارەکانى (کارگەی هەیکەلی ئاسن، کەل و پەلى کارەبا، گۆڕەر، پیشەسازی خۆراک، کارگەی بەرهەمهێنانی کاغەز ... هتد) بەڕووبەرى فراوان زەوی بۆ بۆنیادنانى ٧٠ کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند لەسنوورى شارەوانى هەولێر تەرخان کردوە.