image


پەیامی کورد... ٩ تووشبووی تری کۆلێرا لە هەولێر تۆمار کران

دلۆڤان محەممەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاشکرای کرد، بە پێی پشکنینەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ٩ کەس تووشی پەتای کۆلێرا بوون.

دلۆڤان محەممەد لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ٩ حاڵەتی گوماناوی هەبووە، دوای پشکنین دەرکەوت سەرجەمیان تووشی پەتای کۆلێرا بوون و لە ئێستادا کۆی تووشبووان بە پەتای کۆلێرا لە سنووری پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە ١٣ کەس.

باسی لەوەش کردووە، چەندین ڕێکاری تایبەت گیراونەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن تاوەکوو دوور بن لە تووشبوون بە کۆلێرا و گەیشتنە قۆناغێکی مەترسیدار.

ماوەی مانگێکە پەتای کۆلێرا لە شارەکانی هەرێم بەتایبەتی شاری سلێمانی بڵاو بووەتەوە و بەرپرسانی تەندروستیش بەردەوام هۆشداری دەدەن بە هاووڵاتییان و داوای خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستەکان دەکەن.