image


پەیامی کورد...تەرمی نۆ کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە یونان دەگەڕێنڕێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی لە کەناراوەکانی یۆنان بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت و دووپاتی كردەوە بەراسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، تەرمی نۆ قوربانی لە یۆنانەوە دەگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە "بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە نزیک دوورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە و پرسی (رێوار)ی تەمەن ١١ ساڵ و گەڕاندنەوەی ٩ تەرم، ڕۆژی هه‌ینی (21ی كانوونی دووه‌م 2022) شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان سەردانی وەزارەتی کاروباری پەنابەر و کۆچبەرانی کۆماری یۆنانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوتوێ کرا".

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمڕۆ لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کۆنسوڵی گشتیی یۆنان لەگەڵ نوێنەری کەسوکاری بێسەروشوێنەکان کۆبووەوە و دڵنیای کردن کە حکوومەتی یۆنان هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، هەر لەو دیدارەدا کەسوکاری بێسەروشوێنەکان یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی حکوومەتی کۆماری یۆنان کرد.