image

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێ لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە، سەرۆکی ئەنجومەنەکە، رێبوار تاڵەبانی لە پۆستەکەی لابدات و لە شوێنی ئەودا جەمال مەولوود باپیر بکاتە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک،  بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژە بەوە دەدات، ئەو کارە پێچەوانەی پەیڕەوی ئەنجومەنە و ھەر خۆی بە سەرۆکی شەرعیی ئەنجومەنەکە دەمێنێتەوە.

 

 لیستی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک داوای لە لیستە جیاوازەکانی ناو ئەنجومەنەکە  کردووە  بەشداری لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممە، رێککەوتی 27-03-2018دا بکەن، کە ئامانج لێی ئەکتیڤکردنەوەی  ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەکە (جەمال مەولوود باپیر) وەک کۆدەتایەک بەسەر سەرۆکی شەرعیی ئەو ئەنجومەنەدا.

جەمال مەولوود باپیر، پێشتر ئەندامی حزبی شیوعی بووە، بەڵام بەھۆی لادان لە پرەنسیپەکانی ئەو حزبە، حزبی شیوعی بە فەرمی بەریبوونی خۆی لەو ئەندامەی راگەیاندووە. ئەویش ساڵێک پێش ئێستا لای خۆیەوە رای گەیاندووە کە ئەوان سەر بە (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)ن و کار بۆ ئەو حزبە دەکەن.

لە رۆژی 28-11ی 2017 یەکێتی دوای خیانەتەکەی گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک، جەمال مەولوودی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنەکە، کە تەنیا ئەندامانی یەکێتی و عەرەب و تورکمانەکان ئامادە بوون،  سەرپشک کردووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە کارگێڕی و داراییەکانی  ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئێستاش دەیەوێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە دەنگدانی ژمارەی ئەندامانی ئامادەبووی ئەنجومەنەکە، لە شوێنی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی دایبنێت، کە ئێستا بەھۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری کەرکووکەوە ژیانی ھێناوەتە شاری ھەولێر.

جەمال مەولوود، ئەندامی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، رایگەیاند، داوایان کردووە لە ڕێبوار تاڵەبانی خۆی بگەڕێتەوە کەرکووک و سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بکات، بەڵام لە دۆخێکدا ئەگەر نەگەڕێتەوە، ئەوە ناچارن کۆبوونەوە بکەن و سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەش ئەو دەبێت، گوتیشی: “لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە نووسراومان بۆ ھاتووە کە دەڵێت بە زووترین کات ئەنجومەنەکە ئەکتیڤ بکەنەوە”.

ھاوکات، جەمال مەولوود، ئاماژەی بەوەش دا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەوی وەکوو بەتەمەنترین ئەندام بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە دەستنیشان کردووە، گوتی: ”داوامان لە ھەموو حزبەکان بە پارتی و یەکگرتووشەوە کردووە کە بێن لە کۆبوونەوەکە دابنیشن، پەیوەندی بە رێبوار تاڵەبانی کراوە بۆ گەڕانەوەی، بەڵام ئەگەر ھەر نەھات ناچارین رێگەی دووەم بەکار بھێنین”.

محەمەد کەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک،لەم بارەیەوە رایگەیاند، ئەو کارەیان پێ ناکرێت، چونکە کارێکی نایاساییە، گوتیشی: “تەنیا دەتوانن بۆ یەک کۆبوونەوە نیو سەعات ئەوە بکەن، کە جەمال مەولوود، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە بکات، بەڵام لە رووی یاساییەوە زیاتریان بۆ ناکرێت، ئەوەش لە دۆخێکدا دەکرێت ئەگەر رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن کە دەبێت 21 کەس بن ئامادە بن، ئەگەر نا ھیچ ڕێگەی دیکەی یاسایی نییە کە بەتەمەنترین ئەندام کە جەمال مەولوودە بکات بە سەرۆکی ئەنجومەنەکە”.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان لە کەرکووک نین و بەو ھۆیەوە ھیچ داوایەکی وەھایان لێ نەکراوە کە بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەن، گوتی: “نامەی برادەرانی یەکێتی بۆ ئامادەبوونمان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بۆ نەھاتووە، چونکە ئێمە لەوێ نین”.

لای خۆشیانەوە، ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، لە ھیچ کەناڵێکەوە بۆ ئامادەبوونیان لەو کۆبوونەوەیە ئاگەدار نەکراوەتەوە، گوتیشی: “ئەو کارە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە، کە لە یاسای 21 و 71دا ئەوە ڕێگەی پێ نەدراوە، ئەگەر ئەو کارە بکەن ھەڵەیەکی گەورەی دەستووری و نایاسایی دەکەن”.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەوە بشکرێت ھەر ئەوان وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەمێننەوە.