image

یەکێتی کۆنگرەکەی و، کێشە ناوخۆییەکانی بەنج دەکات، گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەریش لەسەر داھاتی بەقاچاخ بردنی نەوتی کەرکووک ئینشیقاقی تێ دەکەوێت. ھەردوو کوڕەکەی (جەلال تاڵەبانی)یش بە پشتگیریی دایکیان لەگەڵ کۆسرەت رەسووڵ و مەلا بەختیار رێک دەکەون، کە لە داھاتووی یەکێتیدا پێگەی بەھێزیان ھەبێت.

بەپێی زانیارییەکان، باڵی زۆرینەی یەکێتی دەیەوێ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، دوای ھەڵبژاردنەکانی کوردستان کە ئەگەری ئەوە ھەیە لە مانگی ١١ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێ، لەگەڵ کۆتایی وادەی ماوەی درێژکراوەی خولەکانی پەرلەمان، بەدوای ئەوەدا یەکێتی کۆنگرە ببەستێت، تا ئەوکاتەش ھەوڵ بدرێ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی بەنج بکرێن، بەڵام کەمینەیەکی ناو باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ھاوڕای ئەو رێککەوتنە نوێیەی ناو باڵەکانی یەکێتی نین و دەیانەوێ ئەو ھەوڵانە سەر نەگرن، چونکە پێیان وایە ھەردوو ھەڵبژاردن پێگەی ئەو باڵەی یەکێتی بەھێزتر دەکات، بەوەش ئەوان ناتوانن دەست بەسەر یەکێتیدا بگرن، وەکوو ئەوەی دەیانەویست تەواوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کەسانی سەر بە بنەماڵەی تاڵەبانی و ئیبراھیم ئەحمەد بن.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو بڕیارەی ئەکتیڤکردنەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دوای ئەوە ھاتووە، کە ئاشکرا بووە گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەری یەکێتی ئەجێندایەکیان لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی یەکێتی داڕشتووە، بۆ ئەوەی کۆنگرەیەک ئەنجام بدرێ بەبێ بوونی کۆسرەت رەسووڵ، جێگری سکرتێری گشتی و مەلابەختیار، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، بەتایبەتی پاڤێڵ تاڵەبانی کە ویستوویەتی یەکێتی کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام دواتر کە بۆی نەکراوە، ئەوە بووەتە ھۆی ئەوەی لێکتێگەیشتنێک دروست بووە لەنێوان خانەوادەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی کۆچکردووی یەکێتی، (ھێرۆ ئیبراھیم و پاڤێڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) لەگەڵ (کۆسرەت ڕەسووڵ و مەلا بەختیار) کە لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتوون، کە ئەوەش شکستی بە ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیە ھێناوە کە باڵی دەستڕۆشتووی یەکێتی و گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر ویستویانە ئەنجامی بدەن.