image


پەیامی کورد … شاعرێکی ناوداری کورد لە کرماشان کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢١، عەلی لیمۆیی ناسراو بە (سابت کرماشانی) شاعیری ناسراوی کرماشان کە خاوەن نۆ بەرهەمی شیعرییە، لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

عەلی لیمۆیی، شاعیری ناسراوی کورد کە بەمدواییانە کۆمەڵە شیعری دڵبەر شیرین زوان-ی چاپ و بڵاو کردەوە، ساڵی 1937 لە شاری کرماشان لەدایک بووە و پاش تەواوکردنی خوێندن، لە بەڕێوەبەرایەتیی خانوبەری کرماشان بووەتە کارمەند و ساڵی 1995 خانەنشین بووە.

ئەو شاعیرە کوردە هەر لە تەمەنی گەنجێتییەوە لەگەڵ زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی ئاشنا بووە و شیعرەکانی لە قالبی قەسیدە، غەزەل، چوارینە بە دوو زمانی کوردی و فارسی نووسیوە.

مامۆستا لیمۆیی، بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە یەک ساڵ بوو باری تەندروستیی ناجێگیر بوو، ئەو شاعیرە کوردە یەکێک لە چالاکانی ئەدەبی کوردیی سنووری کرماشان بووە و هەتا ئێستا نۆ بەرهەمی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبی گۆرانییە بەسۆزەکان، کە بریتییە لە 300 گۆرانیی 85 شاعیری دەڤەری کرماشان، هەروەها کتێبەکانی: گەڵاڕێژان، وشەنامەی شێوەزاری کەلهوڕی، حەفتاوحەفت غەزەلی عیرفانی، شنەی یار، شاری من کرماشان، لە ئەڵقەی ئاشقان، یادی جاران و کرماشان شاری بیستوون، نۆ بەرهەمی چاپکراوی ئەو شاعیرە ناسراوەی سنووری زاگرۆسە.