image


پەیامی کورد … سەرۆک ئەرکانی ئێران: ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن

سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و لە قۆناخی دووەمدا فراوانتری دەکەن، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، گرووپە دژبەرەکانی ئێران نابێت لە هەرێمی کوردستاندا "بنکەی راهێنان، رادیۆ و تەلەڤزیۆن و کەمپیان هەبێت و کۆنگرە بگرن".

محەممەد حوسێن باقری، سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران گوتی: لەم قۆناخەدا بۆ ئەوەی زەرەر و زیانی گیانی لێنەکەوێتەوە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لە قۆناخی دووەمدا هێرشەکان بەربڵاوتر دەبن.

سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەی کرد کە سوپای پاسداران "دامودەزگای ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لەنێو دەبات و ئۆپەراسیۆنەکانی دوو هەفتەی رابردوو، بەردەوام دەبێت" و ئەمەشی بە مافی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قەڵەمدا.

محەممەد حوسێن باقری کە ئەمڕۆ 19-09-2021 لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی، عەزیز نەسیرزادە، وەک جێگری سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران قسەی دەکرد، بە ئاماژە بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی: ئەوان لە یەک ساڵی رابردوودا بە دنەدانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چالاکییەکانیان پەرەپێداوە و جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامی "ئەم سەربزێوییانە تەحەمول ناکات".