image

پەیامی کورد      ...    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ستیڤێن هیكی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە جێمس سۆرنتۆن كونسووڵی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی و هەڵبژاردنەكان و قۆناغی داهاتووی عێراق و هەروەها هاوكێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا و تیشكیش خرایە سەر ئەو تەحەددیاتە ئەمنی و سیاسیانەی كە لەبەردەم هەرێمی كوردستان عێراقدا هەن.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا كاریگەری سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەسەر ئایندەی عێراق و ڕێگەكان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە عێراق تاوتوێ كرا. هەر لەو دانیشتنەدا هەنگاونان بۆ پێكهێنانی ناوەندی هەماهەنگی سەربازی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی خرایە بەر باس و هەروەها چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بە گرینگ وەسف كرا.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و كاركردن بۆ پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە ستیڤێن هیكی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و جێمس سۆرنتۆن كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر كۆتایی بە ئەركەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان هاتووە و بە مەبەستی ماڵئاوایی كردن سەردانی سەرۆك بارزانیان كردبوو و سەرۆك بارزانیش وێڕای سوپاسگوزاری، هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لە ئەرك و كاری تازەیاندا.