image


پەیامی کورد … سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی و جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا لە ڕێگای تەلەفوونەوە قسەیان کرد

 

ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سۆفی ویڵمز جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم گەیاند بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە هێرشی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

سەرۆکی حکوومەتیش سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی حکوومەتی بەلجیکای کرد لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هەولێر.

هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان وعێراق و ناوچەکە کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت داوای لە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کرد کە لە ڕێگەی یەکێتیی ئەورووپاوە هاوکاری پەنابەر و ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەتی کە تواناکانی هەرێم لەمبارەیەوە سنووردارن.