image

پەیامی کورد     ...   سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پەیامێک سەبارەت بە هێرش کردن بۆ سەر بنەماڵەیەکی هەولێری لە تورکیا بڵاو دەکاتەوە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند،  بەتووندی رووداوی هێرشکردنەسەر خێزانێکی کورد لەتورکیا شەرمەزار دەکەن و ئومێدەوارن بەرپرسانی ئەو ووڵاتە بە درووستی لەسەر رووداوەکە بڕیار بدەن، جەختیش دەکاتەوە لەسەر رووداوەکە سێ کەس دەستگیرکراون.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشکردنە سەر سێ هاووڵاتی هەرێم لە تورکیا رایگەیاند، ئێمە بە تووندی رووداوەکە شەرمەزار دەکەین، بەداخەوە ئەو خێزانە دەستدرێژییەکی نامرۆڤانەیان کراوەتەسەر، بەتایبەت کە منداڵ و خانمی خێزانەکە لە شوێنەکەدا بوون، ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان دراوە، سێ کەس دەستگیرکراون.

لەبارەی دۆخی تەندرووستی ئەو هاووڵاتییەش کە هێرشیکرایەسەر، سەفین دزەیی رایگەیاندوە، "پەیوەندیم بە کاک موشتاق کردوە و سوپاس بۆ خوا رەوشی تەندرووستی جێگیرە".

لەبارەی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی ئەو رووداوە، سەفین دزەیی دەڵێت، "ئێمە پەیوەندیمان بە کونسوڵی تورکیا لە هەولێر کردوە و ناڕەزایی خۆمانمان پێگەیاندوە، هیوادارین بەرپرسەکانی تورکیا بە درووستی بڕیار بدەن".

لە پارێزگای مێرسینی تورکیا ژمارەیەک هاوڵاتی تورک هێرشیان کردە سەر خێزانێکی کوردی خەڵکی هەولێر و دوای سوکایەتیپێکردن بەردبارانیان کرد و یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بە سەختی برینداربوو و رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن هاووڵاتییەکەوە لە شارۆچکەی ئاناموری پارێزگای مێرسینی تورکیا تۆمارکراوە، ئەندامانی خێزانێکی کورد لەسەر شەقامێک دەردەکەوێت کە پیاوێک لەهۆش خۆی چوە و هاوسەرەکەی بەدەم گریانەوە داوای هاوکاری فریاگوزاری دەکات، چەند ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەش دەگرین.

خێزانە کوردەکە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لە ئەدەنەوە بەرەو ئەناڵیا رۆیشتوون و لەسەر رێگای سەرەكی شارۆچكەی ئانامور لە پارێزگای مێرسین، لەلایەن چوار كەسەوە رێگرییان لێکراوە و جنێویان پێداون و سووکایەتییان پێکردون، باوکەکە و کوڕێکی تەمەن 12 ساڵانیان بریندارکردوە.