image

وتەبێژی فەرمی حكومەتی عیراق ئاشكرای دەكات، كە بەغدا مانگانە بڕی نزیكەی 318 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەكات و جەختیشدەكاتەوە، كە بەو پارەیە و داهاتی هەرێم خۆی دەكرێت مووچەی فەرمانبەران بێ‌ پاشەكەوت بدرێت.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەغدا پابەندە بەوەی مانگانە بڕی 317 ملیارو 540 ملیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێم بكات.

وتیشی، “لەئێستادا حكومەتی هەرێم ڕۆژانە بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات بەبێ گەڕانەوەی داهاتەكەی بۆ ناوەند، بۆیە بەو بڕە پارەیەی بەغدا مانگانە ڕەوانەی دەكات لەگەڵ داهاتەكەی خۆیدا، هەرێم دەتوانێت مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی بەبێ پاشەكەوت پێ‌ دابەشبكات”.

حەدیسی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر حكومەتی هەرێم ئامادەبێت تەواوی نەوتەكەی تەسلیمی عیراق بكات ئەوە بەغدا بەبێ دواكەوتن مانگانە مووچەی تەواوی فەرمانبەران بەبێ پاشەكەوت دەنێرێت.

ئاشكراشی كردووە، تائێستا هیچ ڕێكەوتنێك لە نێوان هەولێر و بەغدا نییە بۆئەوەی حكومەتی هەرێم تەواوی داهاتی نەوت تەسلیمی عیراق بكات.