image


پەیامی کورد … راگەیەندراوی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان لەبارەی دانانەوەی سەربازگە لە تۆپزاوا

ئەمڕۆ یەكشەممە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەبارەی دانانەوەی سەربازگە لە تۆپزاوا ڕای گەیاند كە حكوومەتی فیدراڵی بڕیارەكەی ڕاگرتووە و ئەوانیش لای خۆیانەوە هەوڵی دامەزراندنی مۆنۆمێنتێك لە سنوورەكە دەدەن.

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بەناوی "دووبارە دانانەوەی سەربازگە لە گوندی تۆپزاوا" ڕای گەیاندووە "وەکو دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەر لە یەکەم ساتی ناڕەزایی خەڵکی گوندی تۆپزاوا بۆ دووبارە دانانەوەی سەربازگە لە گوندی تۆپزاوای سەر بە پارێزگای کەرکووک، پەیوەندییمان بە حکوومەتی عێراق و لایەنی پەیوەندیدار کردووە و بەردەوام لەسەر ھێڵ بووین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە".

هەروەها نووسیویانە "ئەمڕۆ ٢٠٢١/١٠/٢٤ لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە تەئکیدیان کردەوە کەوا بە سەربازگەکردن و نۆژەنکردنەوەی سەربازگە کۆنەکەی تۆپزاوا راگیراوە. ئێستاش دەستەکەمان دیراسەی ئەوە دەکەن کەوا تۆپزاوا بکرێتە بەشێک لە یادەوەریی جینۆساید و ئەنفال بە ھەماھەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان".

جێی باسە ماوەیەكە سوپای عێراق سەرقاڵی دانانەوەی سەربازگەیە لە گوندی تۆپزاوا لە سنووری پارێزگای کەرکووك و لە هەمان سەربازگەی جاران لە تۆپزاوا، کە دەیان هەزار ڕۆڵەی کورد لە پرۆسەی ئەنفالدا لەوێ كۆكرانەوە و پاشان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵ کران.