image

سەبارەت بەمووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە پەرلەمانی کوردستان ھاتە دەنگ و لیژنەی پێشمەرگەش جەخت دەکاتەوە لەسەرئەوەی کە ھەر گۆڕانکاریەک لەموچەی فەرمانبەراندا بکرێت پێشمەرگەش دەگرێتەوە، سەرۆکی لیژنەکەش ڕونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "داوامانکردوە ھەرچی زوە گۆڕانکاریی لەموچەی پێشمەرگەدا بکرێت".

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەوەزارەتی پێشمەرگەوە دراون، تا ئێستا ئەوان ئاگادار نەکراونەتەوە کە پڕۆژەیەک ئامادە بکەن بۆ دانانی سیستمی نوێی مووچە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتێکدا ئەو داوایە ئاراستەی وەزارەتەکانی دیکە کراوە.

لەزانیاریەکاندا ئەوەش خراوەتەڕوو کە سیستمی پاشەکەوت لەسەر موچەی ھێزەکانی پێشمەرگە ئێستا لە ٥% ، کە  لە کەمترین موچەوە دەستپێدەکات و زۆرترین ڕێژەی پاشەکەوتیش لەسەر موچە لەو وەزارەتە ٣٥%.

لەوبارەیەوە شیلان جەعفەر سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە  وتی:"ھەر گۆڕانکارییەک لەپاشەکەوت و مووچەی فەرمانبەران بکرێت، بەدڵنیاییەوە پێشمەرگەش دەگرێتەوەو ھەمان چارەنوسی موچەخۆرانی دیکەیان دەبێت".

ڕاشیگەیاند، "پێشتر بەڕەسمی داوامانکردوە پێویستە ھەرچی زوە ھێزی پێشمەرگە لەسیستمی پاشەکەوتی موچە دەربکرێت، چونکە ناکرێت ئەو غەدرە لەھێزی پێشمەرگە بکرێت".