image

پەیامی کورد       ...    ووتەبێژی حکوومەتی هەرێم لەبارەی مووچە، بوودجەی ٢٠٢١ و دەوامی فەرمانبەران دەدوێت

ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،  لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی بوودجه‌ كراوه‌ و بابه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی كوردستان تاوتوێكراوه، دەشڵێت، "نیگەرانین لە دەوامی هەندێک لە فەرمانگەکان بەتایبەت لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، خەمساردیەک هەیە لە دەوامکردن".

جووتیار عادل، ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی بوودجه‌ كراوه‌ و بابه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی كوردستان تاوتوێكراوه‌ و هێشتان نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ بڕیار، به‌ڵام پابه‌ندی به‌ڵێنی خۆمان ده‌بین و له‌ هه‌ر ٣٠ رۆژ جارێك مووچه‌ دابه‌ش ده‌كرێت، بەڵام بێگومان دەبێت واقعی دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیردرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا چەند پڕۆژە یاسایەک تاوتوێ کران و پەسەندکران لەوانە، پڕۆژە یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠١١ لە هەرێمی کوردستان، پڕژەی بەرکارکردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراق ژمارە (٧١)ی ساڵی ٢٠١٢ لە هەرێمی کوردستان کارابکرێت، جگە لەوە پەیڕەوی رێکخستنی پاسەوانی پەسەندکرا و لەماوەیەکی کورتدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "لەبارەی دەوامەوە هەندێک بیرۆکە پێشنیار کران، ئێمە نیگەرانین لە دەوامی هەندێک لە فەرمانگەکان بەتایبەت لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، خەمساردیەک هەیە لە دەوامکردن، ئێمە فەرمانمان بە پارێزگار و ئەوانەی پەیوەندیان هەیە بەو باوەتەوە کردوە بەدواداچوونی بۆ بکەن، چونکە ئەو بابەتە دەچێتە چوارچێوەی زیادبوونی رۆتین، کە حکومەت بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات و پێویستە دامەزراوەکان لە خزمەتی هاووڵاتیان بێت و لە زوترینکاتدا بەپێی توانا مامەڵەکانیان رایی بکەن". 
ئەوەشی خستەڕوو، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی رۆشنبیری راسپارد کە رێنمایی گونجاو لەبارەی رووماڵکردنی هەندێک حاڵەتی کۆمەڵایەتی لەلایەن کەناڵەکانەوە دەربکات، بۆ ئەوەی بتوانین رووماڵکردنی ئەو جۆرە هەواڵانە کەمبکرێتەوە.

ووتەبێژی حکوومەتی هەرێم وتیشی، "ئێمە بڕیارمانداوە کە کارکردن لەسەر پڕۆژەی بودجە بەردەوام بێت و بڕیارە هەفتەی داهاتوو پڕۆژە بوودجە تەواوبکرێت".

لەبارەی دابەشکردنی مووچە، جووتیار عادل ووتی، "ئێمە پابەندین لەسەر بڕیاری خۆمان بۆ دابەشکردنی مووچە لە ٢٥ی هەموو مانگێک، بێگومان هەر گۆڕانکاریەک لە چوارچێوەی ئەو رێژەی تەمیولە یان هەر رێژەیەکی تر لەو چوارچێوەیەدا لەبەرچاو دەگیرێت بەپێی ئەو سیاسەتەی کە حکوومەت هەیەتی و بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی دارایی و پلاندانان هەیانە، بەڵام ئێمە پابەندین کە 25ی مانگ مووچە بدەین".

نوێدەکرێتەوە...