image


پەیامی کورد … ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر: پرسە دانان جگە لە هۆڵەكان لە هەر شوێنێكی تر قەدەغەیە

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، جگە لە هۆڵەكان پرسەدانان لە كۆڵان و ماڵ و ژێرخێوەت و باخچە و هەرشوێنێكی تری گشتی بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە و هەر كەسێك پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، ژورەكە بە پاڵپشت بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لەسەر بابەتی پرسەدانان كۆبووەتەوە و لەسەر رێنمایی وەزارەتی ئەوقاف هۆڵەكانی پرسەدانان كراونەتەوە.

ئەوەش هاتووە، بەهۆی ئەو دۆخە مەترسیدارەی تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستی گشتی و پارێزگاریكردن لە گیانی هاوڵاتییان، جگە لە هۆڵەكان، پرسەدانان لە "كۆڵان - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێكی تری گشتی" بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و هەر كەسێك پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، بنكەكانی پۆلیس، ئاسایش، شارەوانی و موختاری گەڕەكەكان راسپێردراون چاودێری سنورەكانی خۆیان بكەن و رێكاری پێویست لەبەرامبەر هەركەسێك بگرنەبەر كە سەرپێچی دەكات.، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەكەن پابەندی ئەو بڕیارانەبن و جگە لەهۆڵەكان كە دەركراون.