image

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان داوای داخستنی فایلی دیموكراسی دەكات و راشیدەگەیەنێت: هەموو ئەو دەستدرێژی و بێڕێزیانەی دەكرێن لەژێر ناوی دیموكراسییە.

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان راگەیاند: رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو لە جنێودان بە ئافرەت و شەق هەڵدان لە مامۆستای خۆپیشاندەر و پەلاماردانی پەرلەمانتارو سوكایەتیكردن بەوەزیری دەستلەكاركێشاوە لە چێشتخانەیەك و هەوڵدان بۆ سوكایەتیكردن بە ئەندامانی شاندی پەرلەمانی كوردستان لە وڵاتانی دەرەوە دەریدەخات كۆمەڵگەی ئێمە زۆری ماوە لە ماناو مەدلوولە جوانەكانی دیموكراسی بگات.

وتیشی “لەپێناو پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و زیاتر تێكنەچونی شیرازەی كۆمەڵگە، باشترین رێگە ئەوەیە دەزگاو دامەزراوەكانی وڵات بەتایبەت ئەمنیەكان رۆڵی خۆیان ببینن چیتر رێگە نەدەن ئەو كارە دزێوانە پەرەبسێنن”.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی باسی لەوەشكرد، هەموو ئەو كارە ناشرینانەی دەكرێن لە پشتی پەردەی ئازادی و دیموكراسی دەكرێن، بۆیە رێگای خێرا ئەوەیە فایلی دیموكراسی بۆ ماوەیەك دابخرێ و بەتوندترین شێواز مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوت و بیركردنەوەیە بكرێت و لەبەردەم دادگا خۆیان ببینەوە و سزا وەربگرن.