image

پەیامی کورد      ...   وەزیری دارایی لەپەرلەمان زانیاری دەربارەی مووچە دەخاتەڕوو

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی دارایی ، چاکسازی خاڵە سنوورییەکان و پرسی مووچە لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم کۆبوەوە و ئەندامێکی لیژنەکەش رایگەیاند، " وەزیری دارایی وتی من مانگانە ٣٠٠ ملیۆن دۆلارم لەداهاتی نەوت پێدەگات و  بەرپرسیار نیم سەبارەت بە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و ئەوەی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەگوزەرێت".

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان باسیان لە چاکسازی دەروازە سنوورییەکان و پرسی مووچە کردوە و "باوەڕمان وایە هەتا ئیرادەیەکی سیاسی لەکوردستان لەدایک نەبێت کەوابکات ئەو داهاتانەی هەن بگەڕێنێتەوە خەزێنەی گشتی، دۆخی دارایی وەک خۆی دەمێنێتەوە واتە ٠ رۆژ جارێک مووچە دەدرێت و لێبڕینیش بەردەوام دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکوومەت دەڵێت داهاتم نیە، بەڵام ئێمە دەزانین لەنەوت داهات زۆر زیادیکردوە بەڵام وەزیری دارایی دەڵێت من مانگانە  ٣٠٠ ملیۆن  دۆلارم پێدەگات، ئێمە پێمانوایە یەک دونیا تاریکی هەیە لەپرۆسەی نەوت تا داهاتەکەی دەگاتە وەزیری دارایی، واتە وەک ئەو باسی کرد وەزیری دارایی بەرپرسیار نیە سەبارەت بە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و ئەوەی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەگوزەرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد، سەبارەت بە داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش کە خۆی لەبنەمادا داهاتەکەیان کەمە و بەهۆی "هەیمەنەی دوو هێزی دەسەڵاتدار، کۆمپانیاکاری و خاڵی گومروگییانەوە"، تەنها یەک لەسەر سێی داهاتی گومرگ بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.

11ی ئەم مانگەش زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنه‌ى دارایى و كاروبارى ئابوورى پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و تیمی حکوومەت بەشداری دەکەن و لەبارەی لێبڕینی مووچە و داهاتی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی هەرێم و بەغدا گفتوگۆ دەکرێت، "ئێمەش پێمانوایە داهات بەشی ئەوە دەکات موچە بەبێ لێبڕین بدرێت، بەڵام چاوەڕوان دەکەن حکوومەت روونکردنەوەمان پێبدات".

لەبارەی لێبڕینی موچە، زیاد جەبار باسی لەوەکرد، "یاداشت نوسراوە و ئێمە پێمان وایە کە داهات بەشی ئەوە دەکات کە موچە بەبێ لێبڕین دابەشبکرێت، چاوەڕوانی ئەوانین بێنە پەرلەمان و رونکردنەوەکان بدەنێ تاوەکو بزانین دۆخی دارایی و داهات چۆنە".