image

کامیل ئایدمیر

(ئەو سەربازەی لە شەڕدا گیانی لەدەستدا)

"ساردی مەرگ کەوتە هەرمالێک

هەموو کەسێك کەمێك دەمرێت

خۆشەویستەکەم ئەزانم زۆر زەحمەتە ئەوەی من لە تۆی داوا دەکەم

تۆ لەجیاتی من خۆشت بوێ

هەردوو میوەی بەختەوەریمان

تکایە سەرلەنوێ بەهار بژیێنەوە بۆ منداڵاکانمان

خۆشەویستەکەم لە سەربازیدا فێربووم کە

شەڕکردن مرۆڤ لەناو دەبات

بە خۆشەویستی و ئاشتی دەکرێ دوژمنایەتییەکان تێپەڕ بکرێت

تاکە فیشەکێک بەسە

بۆ کوشتنی مرۆڤ

زۆرێک لە شەڕەکان بۆ بەختەوەری مشتێك لە کەمینەکانە

بەباشی ئاگات لە کوڕ و کچەکەم بێت

هەرگیز چەک مەخەرە بەردەستیان، ئەگەر یاریش بێت

من بە گیانم باجی هەڵەی خۆم دا

منداڵەکانمان بەفێری رق و نەفرەت گەورە مەکە

خۆشەویستییان فێرکە

چۆنیەتی هێشتنەوە لە ژیان

با ئەوان بژین

تا رۆژانی خۆش ببینن

هیوا و خاکیان فێرکە

با بخوێنن تا

ئەو بەڵا و ئازارانە ببینن

کە دواکەوتوویی و تاریکی بەسەریاندا هێناون

با بخوێنن

تا وەکو ئێمە

چەپڵە بۆ هەر درۆ و

دزێک لێ نەدەن

بیر بکەنەوە

بە فێربوون راستییەکان بدۆزنەوە

جیهانێکی پڕ لە خۆشەویستی و ئاشتی بنیادبنێن

با بخوێنن تا ببن بە مرۆڤ

با نەک شەربەتی شەهیدبوون

لە ئامێزی خەندەی منداڵاندا

دڵۆپەی باران

لە بەرەبەیاندا دەنگی چۆلەکە بخۆنەوە

درۆی گەل و نیشتمان

پڕی دەکاتەوە ئێستا

دەستی بەتاڵی منداڵەکانم

شەهیدبوون باوکیان ئەگەڕێنێتەوە بۆ منداڵەکانم

ئێمە لە شەڕدا

بەخوێن و گیانمان

دەکەوینە خزمەتی دزەکان

بۆ رزگارکردنی مرۆڤ

دەبێ دوومەڵ لەناوببرێت

وامزانی سەربازی هەموو شتێكە

نەبووم بە باوکێکی باش، بەداخەوە

بمبوورە خۆشەویستەکەم

ئیتر دایکیشیان تۆیت و باوکیشیان تۆیت

 تۆ منداڵەکانمان فێرکە بڵێن چەند بەختەوەرم کە مرۆڤم

مەعریفەت لە مرۆڤبووندایە"