image

پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و وردەكاری كۆبوونەوەكە ئاشكرادەكات.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "پەرلەمانی عیراق یاسای بودجەی پەسەند كرد، بەبێ بەشداری فراكسیۆنە كوردییەكان، سوپاسی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەم، زۆر هەوڵیاندا بۆئەوەی پشكی دادپەروەری هەرێم دەستەبەر بكەن، بەڵام نەیانتوانی".
راشیگەیاند، کە "حكومەتی هەرێم زۆر نیگەرانە لەوەی بەبێ كورد و بەبێ ئەوەی پشكی دادپەروەرانەی هەرێم جێگیر بكرێت پەسەندكرا، جێگەی نیگەرانی ئێمەو هاووڵاتیانی هەرێمیشە، ئەم شێوازو پرەنسیپەی پەیڕەو دەكرا كە هاوبەشی و رێكەوتن بوو، زۆر بەداخەوە بەزۆرینەو كەمینە لەبڕیاری لەو جۆرەدا، تێپەڕێندرا، بەڵام هێشتا بێئومێد نین و پێمانوایە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن".
وتیشی "ئەو پشكەی بۆ هەرێم دیاریكراوە مافەكانی هەرێم بەهیچ جۆرێك دەستەبەرناكات، ناتوانین بەو بوجەیە تەنانەت موچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەرانی هەرێم بدەین، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هەموو حزبەكان كۆدەبینەوە، بۆئەوەی درەبڕینی یەكهەڵوێستی هەموولایەك، ئەو یەكهەڵوێستییەی كورد لەبەغدا نواندی جێگەی ڕێزە".
نێچیڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەشكرد، کە "سەرۆك كۆمار وەك جێبەجێكاری دەستور دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت لەچەند رۆژی رابردووشدا سەرۆك كۆماری عیراقیش دیداری هەبووە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان و هەڵوێستی هەبووە".
لەدرێژەی قیسەکانیدا رایگەیاند، کە بنەمای دامەزراندنی عێراق لەدوای ساڵی (٢٠٠٣)ەیی لەسەر بنەمای شەراكەت بووە، بەپێی دەستووری عێراق پێویستە مافەكانی گەلی عیراق لەسەر ئەو بنەمایە زامن بكرێت و ناكرێت بابەتی زۆرینە و كەمینە رەچاو بكرێت.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتیشی "بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی عیراقیش، دەبێت كاری لەسەر بكرێت و كۆدەنگی كوردی لەسەر هەبێت، دوای قسەكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش بڕیار دەدەین".
باسی لەوەشكرد "هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بڕوایان بە بەڵێنەكانی بەغدا هەبوو، حكومەتی هەرێمیش بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی دەستوور، هەموو كارێكی كرد و هەرچی پێمان كرا كردمان، ئێستا جێگەی خۆیەتی گلەیی لەسەرۆك وەزیرانی عێراق بكرێت كە ئەو هەموو بەڵێنانەی دا چییان لێ هات، ئێستاش هیوامان هەیە چارەسەری كێشەكان بكرێت و بێ ئومێد نەبووین".
نێچیڤان بارزانی جەختیشیکردەوە، کە "ئەگەر گەیشتمە قەناعەت كە كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكرێت، ئەوە بەڕاشكاوی لەگەڵ خەڵك قسە دەكەین".