image


پەیامی کورد … ژنێک و کوڕەکەی لە پیرانشار دەستبەسەر کران

 

دوابەدوای کوژرانی ئەندامێکی پلەبەرزی سپای پاسداران لە پیرانشار ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ژنێک و کوڕەکەیان دەستبەسەر کردووە.

 

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٧ی نیسانی ٢٠٢١، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پیرانشار ژنێکیان بە ناوی “گوڵالە مورادی” هاوڕێ لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی “مەتین بەزازی” دەستبەسەر کردووە.

 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دایک و کوڕە دوابەدوای کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی یەکێک لە ئەندامانی پلە بەرزی سپای پاسداران لە پیرانشار دەستبەسەر کراون.

 

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، گوڵاڵە مورادی دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە و بڕیارە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بگوێزرێتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، چارەنووسی مەتین بەزازی کە زاوای عوسمان حاجی حوسێنیشە نادیارە و نازانرێت کە لە کوێ ڕاگیراوە.

 

عوسمان حاجی حوسێنی شەوی هەینی ٢٧ی خاکەلیوە (١٦ی ئاوریل) لە جاددەی زیوەیە کوژراو پاش چەند کاتژمێر گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەو ئەندامەی سپای پاسدارانیان بە ئەستۆ گرت.