image

 ئەندامێکی کوردی ئێزدی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەوشی شنگالی لەگەڵ یان کۆبیش تاوتوو کرد و ڕایگەیاند، ئێستا ڕەوشی ئیزدییان زۆر خراپە، بەتایبەت لە قەزای شنگال.

سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، لە شاری ترابزۆن لە بەردەم جەماوەرێکی گەورەدا ڕایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە ناوبردنی تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوە و ئێستاش ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی پەکەکە لە شنگال دەستی پێ کردووە.

رۆژێک پێش گوتارەکەی ئەردۆگان، گوتەبێژی هەپەگە، ڕیڤان وەڵات  ڕایگەیاندبوو، پەکەکە چیتر لە شنگال نامێنیت و دەکێشێتەوە.

لەسەر ڕەوشی ناوچەکە و مەترسی لەسەر ئێزدییان، ڤیان دەخیل رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ یان کۆبیش، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ بووینەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێمان ڕایگەیاند، ئیستا لە چیای شنگال و دەوروبەری ١٠ هەزار خێزانی ئێزدی لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدان، چونکە دوور نییە جارێکی دیکە شەڕ ناوچەکە بگرێتەوە و ئەویش بە پێی دوایین لێدوانی تورکیا کە بڕیارە هێڕش بکەنە سەر بارەگاکانی پەکەکە لە شنگال و پاراستنی ئەو سڤیلانە بەرپرسیارەتیی هەموومانە."

دەخیل گوتی: "ناکرێت بۆشایی لەم ناوچەیە دروست ببێت و دەبێ ڕێگە نەدرێت هەرکەس دەرفەت پەیدا بکات و کەشەکە بۆ خۆی بە گونجاو ببینێت، دووبارە ‌‌هێزە توندڕەوەکان بێنێتەوە ناوچەکە و زیان بە ئێزدییان و تەواوی پێکهاتەکان بگەیەنێت."

ڤیان ڕایشیگەیاند: "پێویستە پلانێکی نێودەڵەتی بۆ شنگال و دەوروبەری هەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو ڕووداوانەی لە شنگال ڕوویان دا، دووبارە نەبنەوە و پێویستە هەموو دنیا ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە لەم ناوچەیەدا و ئەوانەیشی دەستیان لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا هەبوو، بدرێنە دادگا."