image


پەیامی کورد … مەسرور بارزانی: بەهۆی چاكسازییەكانەوە توانیمان قەیرانەكان تێپەڕێنین

ئەمڕۆ یەکشەممە 19-9-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک، رایگەیاند: "حکوومەت لەسەر پلانی خۆی بۆ چاکسازییەکان بەردەوام دەبێت".

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان باسى له‌وه‌ش كرد: "لە كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەمان بەوە دا كە گرنگییەكی تایبەت بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەدەین و كار دەكەین بۆ پێشخستن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆ و پەیمانگه‌كان و باشتركردنی دۆخی خوێندن بە گشتی لە هەرێمى كوردستان".

 

 

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ئامادەبوانی هێژا

زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە لەم كۆنفرانسە گرنگە بەشدارم كە تایبەتە بە گەشەپێدانی بواری پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستاندا، لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشك بخەمە سەر ستراتیژیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە كەرتی پەروەردە و فێركردن.

لە كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەمان بەوە دا كە گرنگییەكی تایبەت بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەدەین و كار دەكەین بۆ پێشخستن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان و باشتركردنی دۆخی خوێندن بە گشتی لە هەرێمى كوردستان.

بێگومان نابێت لە بیرمان بچێت كە دوو ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و قەیرانی ئابووری، بەداخەوە دۆخێكی نائاسایی هاتە ئاراوە، بەڵام نەوەستاین و بەردەوام بووین و درێژەمان بە چاكسازییەكاندا لە هەموو بوارەكان دا، لەسەر پلانی خۆمان بەردەوامین بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات كە بێگومان بەهۆی ئەو چاكسازییانەوە توانیمان ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین.

ئێمە هەوڵێكی زۆر دەدەین و كار دەكەین بۆ ئەوەی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵامان بە ئاستێك پێش بخەین كە گونجاو بێت لەگەڵ سەدەی 21، ئامانجمان ئەوەیە قوتابییانی كوردستان فێری ئەو پسپۆڕی و شارەزاییە بن كە بۆ بازاڕەكان و سەقامگیریی كوردستان پێویستە، تاوەكوو هەم یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری، هەمیش پاڵپشتێكی بەهێز بێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ئارامیی وڵاتەكەمان.

بێگومان سیستەمی پەروەردە پەیوەستە بە قوتابی و مامۆستا و خەڵكی ئەكادیمی، بۆیە پێویستە لە چاكسازیكردن لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، سەرنج و تێبینی و پێشنیازی هەموو ئەو لایەنانە بەهەند وەربگیرێت، من هەمیشە لەو باوەڕەدام كە ڕێبەرانی داهاتووی گەلەكەمان لە ڕێگەی پەروەردەیەكی تەندروست و پێشكەوتوو دروست دەبن كە بنەمای بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروستە، كۆمەڵگەیەك كە مرۆڤی نیشتمانپەروەر و ژیاندۆستمان بۆ دروست بكات.

پێویستە ئامانجی سەرەكی لە خوێندن تەنیا بەدەستهێنانی بڕوانامە نەبێت، بەڵكوو ئامانجی سەرەكی فێربوون و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و كولتووری كۆمەڵگە بێت. وەك بەشێك لە چاكسازی لە بواری پەروەردە و فێركردن، ئێمە بە نیازی پێكهێنانی دەستەیەكین بۆ هەڵسەنگاندن و متمانەبەخشین بە دامودەزگا ئەكادیمییەكان كە كاری ئەم دەستەیە دانانی هەڵسەنگاندنی دامودەزگا ئەكادیمییەكانە بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەكانی خوێندن بە ئامانجی پێشخستنیان و دانانی پلانێكی ستراتیژی بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی پەیوەست بە بواری پەروەردە و خوێندن كە دەكرێ ئەم دەستەیە ببێتە نموونەیەكیش بۆ سەرتاسەری عێراق.

بە كوردی، پەروەردە و خوێندن بەشێكن لەو پرۆسە چاكسازییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات، دەمانەوێ دڵنیابین كە قوتابییەكانمان و دامەزراوە ئەكادیمییەكانمان لەو ئاستەدان كە ببنە یارمەتیدەری پرۆسەی پێشخستن و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریمان.

وەك ئاماژەم پێ دا كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی دوو ساڵدا ڕووبەڕووی چەندین قەیران بوویەوە، ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە، لە جیاتی ئەوەی پەنا بۆ قەرزكردن ببەین و سەرەنجام بارگرانییەكی زۆر بۆ نەوەكانی داهاتوو دروست بكەین، دەستمان بە چاكسازی كرد و لەسەریشی بەردەوام دەبین، چونكە لە ڕێگەی ئەم چاكسازییەوە دڵنیاین دواڕۆژێكی گەش لەبەردەم خەڵكی هەرێمی كوردستان و وادەكات دڵنیا بین.

بەڕێزان

لەم كۆنفرانسە چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە تیمی جێبەجێكاری ئەركەكان پێك بێن لە هەموو پسپۆڕ و شارەزایان لە مامۆستایان و پسپۆڕان بە راوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ قوتابییان، بۆ ئەوەی ئێمە بزانین و سەیر بكەین لە كوێ كێشەی خوێندن و فێركردنمان هەیە، لە كوێش بەهێزین بۆ ئەوەی هەم كێشەكانمان چارەسەر بكەین، هەم خاڵە بەهێزەكانمان پتەوتر و زیاتر بكەین.

پێویستە پەیوەندیی نێوان قوتابی و مامۆستا پەیوەندیی خۆشەویستی بێت، قوتابی نەچێت بۆ خوێندن چونكە پێی وایە ئەركێكە و دایك و باوكی داوای لێ دەكەن بچێت بۆ خوێندن، پێویستە بیەوێت بخوێنێت، خۆشەویستی و پەیوەندییەكی تەندروست لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستاكانی خۆی دروست بكات.

لە هەمان كاتدا پێویستە مامۆستا و پسپۆڕانیش كەشێكی وەها دروست بكەن كە قوتابی لە قوتابخانە سڵ نەكاتەوە و بە پەرۆشەوە تامەزرۆی ئەوە بێت بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە و درێژە بە خوێندنی خۆی بدات.

ئێمە پێویستیمان بەو قوتابییانەیە چونكە وێنەی داهاتووی ئێمە لە قوتابخانەكانی ئەمڕۆی ئێمە دەكێشرێت، ئەگەر بزانین داهاتووی وڵاتەكەمان چۆن دەبێت، پێویستە سەیری پەروەردەی خۆمان بكەین ئەمڕۆ، ئەگەر توانیمان پەروەردەیەكی تەندروست و باش بونیاد بنێین، دڵنیا بن دەتوانین ئایندەیەكی زۆر گەشتر بۆ وڵاتەكەمان دروست بكەین.

پێشتر هەوڵێكی وا درا بۆ ئەوەی زۆر لە گەنجەكانمان دڵسارد ببنەوە لەوەی پەیوەندییەكی خۆشەویستییان لەگەڵ وڵاتەكەیان هەبێت، پێویستە پەروەردەی ئێمە ئەم دیاردە نادروستە ڕێك بخاتەوە و چاكی بكاتەوە، پێویستە گەنجەكانمان خۆشەویستیی وڵات لە ناو ناخی دڵیاندا بچەسپێت و ڕێز لە مێژووی خۆیان بگرن، لە مێژوو فێر بین، بەڵام ڕێزگرتن لە مێژوو بۆ ئەوەیە كە ئێمە بزانین لە كوێوە هاتووین و چەند ئازارمان كێشاوە و بە چ قۆناغێكی سەختدا تێپەڕیوین و چۆن دەتوانین ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكانی رابردوو بكەین و ئایندەیەكی گەشتر بینا بكەین.

دڵنیام دەتوانین ئەوە بكەین ئەگەر ئێمە توانیمان خۆشەویستیی وڵات لە ناو ناخی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە و بە تایبەتیش منداڵ و گەنجەكانمان بچەسپێنین، ئەمە ئەركی مامۆستایان و پسپۆڕانە كە بەو شێوەیە وانەكان بڵێنەوە كە هەموان یەكتریان خۆش بوێت، رێز لە بیروبۆچوونی جیاوازی ئایینی بگرن، رێز لە جیاوازیی ئەتنی لە نێو هەرێمی كوردستان بگرن، ڕێز لە ژینگەی خۆیان بگرن و بیپارێزن.

داوام لە ئێوەی بەڕێز ئەوەیە كە لەم ئەركەی ئەمڕۆ دەستی پێ دەكەن، گرنگی بەم خاڵانە بدەن، بۆ ئەوەی بزانن لە داهاتوودا پێویستیمان بەو گەنجانەیە كە دوای ئەوەی قۆناغی قوتابخانە و خوێندنیان تەواو كرد، چۆن بتوانن سوود بە كۆمەڵگەكەیان بگەیەنن، قوتابی كە لە زانكۆش تەواو دەبێت، دەبێت بزانێت چۆن بتوانێت خزمەتی وڵاتەكەی بكات و بەرەو پێشەوەی ببات، ئێمە هیچمان لە وڵاتانیتر و خەڵكیتر كەمتر نییە، تەنیا ئیرادە و فێربوونی پێویستە.

داوا لە مامۆستا بەڕێزەكان دەكەین، لە پسپۆڕان دەكەین، هەرچۆنێك بێت ئەو سیستەمە پەروەردە تەندروستەمان بۆ دروست بكەن بۆ ئەوەی نەوەی داهاتووی ئێمە بتوانێت وڵاتی ئێمە بەرەو قۆناغێكی زۆر گەشتر و ئاوەدانتر ببات، دڵنیام دەتوانین ئەوە بكەین ئەگەر هەموومان بتوانین بەیەكەوە كار بكەین و بە دڵ و بە گیانەوە هەوڵی بۆ بدەین.

جارێكیتر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هیواداریشم هەر سەركەوتوو بن.