image


 پەیامی کورد ... مەسرور بارزانی: بەغدا زیاتر لە سێ ملیار دۆلار قەرزاری فەرمانبەرانی هەرێم

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم توانیویەتی بە سەركەوتوانە هەموو مانگێك موچە بدات.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەشداری لە دوا پانێلی دیداری ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) كرد و وتی "بەغدا زیاتر لە سێ ملیار دۆلار قەرزاری فەرمانبەرانی هەرێمە، سەرەڕای ئەوەش و سەرەڕای قەیران و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی، حكومەت توانیویەتی مانگانە موچە بە فەرمانبەران بدات".

ئاماژەی بەوەشدا كە حكومەتی عێراق لە ساڵێكدا شەش مانگ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕی و قەیرانی كۆرۆنا و نزمبونەوەی نرخی نەوتیش ئاستەنگی خستەبەردەم حكومەت.

مەسرور بارزانی باسی لە كار و پرۆژەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كرد كە خۆی سەرۆكایەتیی دەكات و رونیكردەوە "گەندەڵی بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمبوەتەوە و دەبێت بڵێین گەندەڵی كەم دەكەینەوە، چونكە بنبڕكردنی سەختە و بەپێداگرییەوە كار بۆ ببنڕكردنی دەكەین، چونكە چاكسازی كاری سەرەكیی كابینەكەمان بووە".

سەرۆكی حكومەت هێمای بۆ ئەوەشكرد، لە ماوەی تەمەنی حكومەتدا 147 پرۆژەی جۆراوجۆر لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە بەهای 8 ملیار دۆلار جێبەجێ كراون و رەزامەندیش بە سەدان پڕۆژەی كەرتی تایبەتیش دراوە، ئێستاش كار بۆ تەواوكردنی 21 بەنداو دەكەن كە بڕی 32 ملیار دیناری دەوێت، وتیشی: كە هەزار و 100 كیلۆمتەر شەقام قیرتاو كراون و كاتەكانی پێدانی كارەباش زیادی كردوە و ژێرخانی ئابوریشمان بۆ خۆراك بەهێز كردوە.