image


پەیامی کورد... مانگی ڕابردوو ٩٤ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢، لانی کەم دەستبەسەر کرانی ۹۴ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ۴۱ هاووڵاتی بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان، ٤٩ هاووڵاتی بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و پیشەیی و ٤ هاووڵاتیش لە کاتی کۆڵبەری دەستبەسەر کراون.

مانگی ڕابردوو لانی کەم ٤ چالاکی ژن و دوو مێرمنداڵکی ژێر ١٨ساڵ و منداڵێکی چەند ڕۆژە و ٤٩ مامۆستای قوتابخانەی لە کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

زیاترین ڕێژەی دەستبەسەر کرانەکان کە ٦٨ حاڵەت بووە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بووە. هەروەها زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان کە ٥٧ حاڵەت بووە لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کراون.

جێگای باسە کە لەم ۹۴ حاڵەتە ٥ حاڵەتی دوای بانگ کران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شارەکانی خۆیان دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئەو سزایەی کە بە سەریاندا سەپاوە دەستبەسەر کراون.