image

بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی بازگە نایاسایییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایان دانابوو دەستگیرکراون و سەرجەمیان چەکداری داعش بوون.
عەلی حەیدەر ئەفسەری  هەواڵگری لەپۆلیسی پارێزگای دیالە رایگەیاندووە، کە لەلایەن هێزێكی پۆلیسی دیالە و سوپا و پۆلیسی ئیتیحادییەوە توانراوە لەرێگەی نێوان عوزێم و كەركوك ئەو كەسە دەستگیربکرێت كە بازگە نایاسایییەكانی نێوان هەولێر و بەغدای دانابوو.
ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەستگیرکراوەکە، تیرۆریستێكی رێكخراوی داعش بووە بەناوی (ئەبو سلێمان عفری) كە كەسی یەكەمە لە دانانی بازگە ساختەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
باسی لەوەشکردووە، کە وێڕای ئەو گەورە تیرۆریستە (١٠) كەسی دیکەشی لەگەڵدا دەستگیرکراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەرۆژانی جەژنی نەورۆزدا چەند گەشتیارێك لە نێوان هەولێر و بەغدا و لە نزیك شارۆچکەی دوزخورماتوو، كەوتنە بۆسەی ئەو چەكدارانە و گولەباران كران.