image

پەیامی کورد     ...   لیوا عەبدۆلخالق مەترسییەکی گەورە ئاشکرا دەکات

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایگەیاند : راکردنی تیرۆریستانی داعش لە سووریا، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر عێراق ئەگەر رێگری لێ نەکرێت، بەڵام حکوومەت ھێزێکی زۆری رەوانە کردووە و دەیەوێت رێگری لە ھاتنی تیرۆریستان بکات.

لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، رایگەیاند، راکردنی تیرۆریستانی داعش لە سووریا، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر عێراق، چوونکە کە رادەکەن یەکسەر ڕوو لە عێراق دەکەن، لەبەر ئەوەی دۆخی عێراق خۆی خراپە لە ڕووی ئەمنییەوە و ئێستاش بە ھۆی پێکھێنانی حکوومەت دۆخی سیاسیش باش نییە، ئەوەش بۆشاییەکی ئەمنی درووست دەکات، بۆیە رەنگە داعش ئەوەی عوزێم و رووداوی ھاوشێوەش دووبارە بکاتەوە.

تەڵعەت ووتیشی، ئەگەر کۆنتڕۆڵی سنوورەکان بکرێت، ناتوانن بێن بۆ عێراق، بەڵام بەم شێوەیە زۆر مەترسیدارە، بۆیە پێویستە ئەو شوێنانەی ھێزە عێراقییەکانی لێیە، ھێزی زیاتری بۆ رەوانە بکرێت و سنوورەکان تووندوتۆڵتر بکرێن و چەکی قورسی زیاتر رەوانەی سنوورەکان بکرێن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، بڕیار دراوە ھێز و چەکی زیاتر رەوانەی دیالە و عوزێم و سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا بکرێن، بە تایبەت لە سنووری شەنگال، چوونکە مەترسی زۆر لەسەر ئەو ناوچانە ھەیە و لە ناوچەی عوزێمیش بە ھۆی ئەو رووداوەی رووی داوە، ئۆپەراسیۆنێکی لێ ئەنجام دەدرێت بۆ نەھێشتنی داعش، چوونکە لەو ناوچانە داعش گەلێک زۆر بووە.