image

لەدوای كۆبوونەوەكەی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆببنەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكیتیش زانیاری لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیە ئاشكرا دەكات.

ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكیتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: لەدوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەبێ كورد، هەموو سەرۆك فراكسیۆنەكان پەیوەندییان بە حزبەكانی خۆیانەوە كردوە، بەمەبەستی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كوردستان و یەكخستنەوەی هەوڵ و هەڵوێستەكان بەرامبەر بە حكومەتی عێراق.

وتیشی:”چاوەڕوان دەكرێت ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت و هەموو لایەك بەرچاوی روون بێت لەبەرامبەر چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەڵوێست و بڕیاری هاوبەش بدرێت”.

چاوەڕوان دەكرێت لەداهاتوویەكی زۆر نزیكدا كۆبوونەوەی سەركردەی باڵای لایەنە سیاسیەكانی هەرێم بەڕێوەچێت و پرسی چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا تاوتوێ بكرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكیتی راشیگەیاند: یەكیتی نیشتمانیی پێی باشە ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت و وتیشی:”هەموو بژاردەكان لەبەردەم لایەنە سیاسییەكان كراوە دەبن بەپرسی كشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسی عێراق”.