image

پەیامی  کورد      ...    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی جۆرجیا لە عێراق دەکات

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە زازا کاندیلاک باڵیۆزی نوێی جۆرجیا لە عێراق و هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و ووڵاتی جۆرجیایان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا كە ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە زازا کاندیلاک کرد بەبۆنەی دەست بە کاربوونییەوە وەک باڵیۆزی نوێی جۆرجیا لە عێراق، هەروەها هیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا لە عێراق ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و جۆرجیا پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

بەگوێرەی راگەێندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەت، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا ئامادەییان دەربڕی ئاستی پەیوەندییەکانیان باشتر بكەن بە تایبەت لە بوارەکانی بازرگانی و گەشتوگوزار و خوێندنی باڵا و چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کە جۆرجیا ئەزموونێکی سەرکەوتوی هەیە لە‌و بوارانە‌دا. 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کردنەوەی کۆنسووڵخانەی جۆرجیا لە هەرێمی کوردستان کرا کە وابڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەولێر بكرێتەوە.