image


پەیامی کورد … هاوردەكردنی مریشك لە عێراقەوە بۆ هەرێم قەدەغە دەكرا

 

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بوونی جۆرە ڤایرۆسێك لەچەند پارێزگایەكی عێراق و بەمەبەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بۆ هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی مریشك و جۆرەكانی دیكەی پەلەوەری قەدەغە دەكرێت، بڕیارەكەش لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێت.

 

ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌٦ ی حوزه‌یرانی ٢٠٢١ حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ڕاگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ھەر جۆرە ڤایرۆسێك لە پەلەوەر لە ھەر شوێنێك بێت، بەمەبەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، پێویستە ھاوردەكردنی پەلەوەر و بەرھەمەكانی قەدەغە بكرێت”.

 

ناوبراو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، لە ئێستادا ئەو ڤایرۆسە لە چەند پارێزگایەكی عێراق لە مریشك و پەلەوەر دەركەوتووە، بۆیە ھاوردەكردنی مریشك و پەلەوەریان قەدەغە كرد تا ئەو كاتەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسەكە ڕادەگەیەنێت.

 

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كە دەبێت وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پشكنینی بۆ بكات و بزانێت چ جۆرە ڤایرۆسێكە، هاوكات لەگەڵ ڕێكخراوی نێودەوڵەتی تەندروستی ئاژەڵ (OIE) لە پەیوەندیداین و چاودێری دۆخەكە دەكەین و لە ئەمڕۆوە یەك شەممە 6 حوزیرانی ٢٠٢١، بڕیارەكە جێبەجێ‌ كراوە .

 

ئه‌مرۆ صاڵح حسێن بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای زوبێر سەر بە پارێزگای بەسرا بە میدکانی راگەیاندبو، زیاتر لە ٣٥٠ هەزار مریشك لە کێڵگەی پەلەوەرییەکانی پاریزگای بەسرە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە مرداربوونەوە.