image

پەیامی کورد    ...    ڕاگه‌ێندراوێکی هاوبه‌ش سەبارەت بە كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان

ئه‌مڕۆ چواشه‌ممه‌ 25/5/2022 له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاشكاوانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا و دۆخى ئێستاى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و زه‌مینه‌ى هاریكاری هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌یى، تاوتوێ كرا.

هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ دواى ده‌ستپێشخه‌رى و سه‌ردانەکەی نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ سلێمانى، زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بۆ گفتوگۆ و ئاساییكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و كاركردن بۆ گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ى نێوان هه‌ردوولا و هاریكاری نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ ڕێگه‌ى لێكگه‌یشتن و گفتوگۆوه‌، هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

هه‌ردوولا بڕیاریان دا كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسی پارتى و یه‌كێتى وه‌ك پره‌نسیپى كارى پێكه‌وه‌یى به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى مه‌كته‌بى سیاسی هه‌ردوولا بێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌ هاوكارى و پاڵپشتی هه‌ردوولا بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كورستان و داموده‌زگا شه‌رعییه‌كانى و به‌رده‌وامی ڕاگرتنى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌یاندنى دژ به‌ یه‌كتر كرده‌وه‌.