image

پەیامی کورد      ...    حەمەی حاجی مەحموود پەیامێکی گرینگ سەبارەت بە هاوکاریکردنی کوردستان ئاراستەی کۆمەڵگای جیهانی دەکات

موحه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له‌ دیدارێكی تەلەفزیۆنی دا باس له‌ گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش و ئاماده‌كارییه‌كانی كورد ده‌كات بۆ داهاتووی عێراق.

بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا كه‌وته‌ به‌رده‌م هه‌ڵكشان و داكشانی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ و له ‌به‌غدا خۆپێشاندان کرا و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ و، خۆپێشاندان و ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌ پارتی تێبینی له‌سه‌ر فه‌وتانی دوو كورسی خۆی هه‌یه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا هێرشی داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه،‌ خه‌ڵكی نیگه‌ران و تووڕه‌ كردووه‌ به‌وه‌ی هه‌رچی زووه‌ ده‌بێت تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌مێنێت.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ دۆخی عێراق به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت، موحه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ده‌ڵێت: ''هه‌میشه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق ماوه‌یه‌كی پێ چووه،‌ ئه‌ویش سالێكه‌، یان نۆ مانگ، بۆچی؟ چوونكه‌ هیچ حزبێك ده‌نگی زۆرینه‌ ناهێنێت، بۆیه‌ هێزه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت درووست بكه‌ن په‌نا بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی زۆرینه‌، یان هاوپه‌یمانی ده‌به‌ن و‌ سروشتی پێكهاته‌ی حكوومه‌ت ئاوایه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشبینی ناكرێت كه‌ گۆڕانكارییه‌كانی حكوومه‌تی عێراق هیچ له‌و ده‌موچاوانه‌ بگۆڕێت كه‌ باس ده‌كرێت، جیا له‌وه‌ش، شیعه‌کان بوونه‌ته‌ دوو به‌ره؛‌ به‌ره‌ی موقته‌دا و به‌ره‌ی هه‌ماهه‌نگی و، ململانێی ئه‌مریكا و ئێران شۆڕ بووه‌ته‌وه‌ ناو هێزه‌ سیاسییه‌كان و پێم وا نییه‌ به‌ئاسانی ئه‌م حکوومه‌ته‌ پێک بهێنرێت و بگه‌نه‌ ئه‌نجام.''

به‌شێك له‌ بۆچوونه‌كان پێیان وایه‌ به‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕه‌نگه‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆز بێت له‌ عێراقدا، لەم بارەیەوە سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەلێت: ''مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق گه‌ره‌نتی نییه‌، ئه‌وه‌تا نموونه‌ی ئه‌فغانستان هه‌یه،‌ ئەمریکا و ڕه‌نگه‌ لێره‌ش بکشێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ناكرێت بابه‌ته‌كان تێكه‌ڵ بكرێن، له‌ عیراقدا كوردستان هه‌یه‌ و پێكهاته‌ی سوننه‌ش هه‌یه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ ئارامی و دیپلۆماسیه‌تدا بۆ ئه‌مریكا گرینگه‌ و پێویستی به‌ هاوكاری ئه‌مریكایه‌، ڕه‌نگە ئه‌مه‌ هۆكار بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا نه‌یه‌وێت جارێ بكشێته‌وه‌‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ دۆخی عێراق هێشتا ئه‌وه ‌نییه‌ كه‌ شیاوی باسكردن بێت، ئه‌وه‌تا ماڵی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كرێته‌ ئامانج و به‌ئاشكرا سه‌فاره‌تی ئه‌مریكا و ووڵاتان له‌ به‌غدا ده‌كرێنه‌ ئامانج و ناوه‌ به ‌ناوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌وز ده‌كرێت.''

زۆربه‌ی پێشبینییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌م جاره‌ ئه‌مریكا پشتیوانی ته‌واوی كوردستان بكات و ئه‌وه‌ی له‌ ١٦ی ئۆكۆتبه‌ر ڕووی دا كه‌ جۆرێك له‌ دوورته‌ماشاكردنی پێوه‌ دیار بوو، دووباره‌ی نه‌كاته‌وه‌، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ده‌ڵێت: ''كورد خاوه‌نی قه‌زیه‌یه‌ و تێ ده‌كۆشێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی له‌ عێراقدا، بڕیاره‌كان له ‌ده‌ره‌وه‌ی ویستی عێراقییه‌كان ده‌درێت، به‌ڵام كوردستان خاوه‌نی سیاسه‌ت و مەر‌جه‌ع و قسه‌ی خۆیه‌تی و هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بڕیار لای خۆیان نییه‌، به‌شێکیان بە وه‌کاله‌ت کار ده‌که‌ن، من پێم وایه‌ کورد له‌ناو هه‌موویاندا سەربەخۆترە و بڕیاردەری قسه‌ی خۆیه‌تی له‌چاو ئه‌وانی دیکه،‌ به‌ڵام ئەمریکا هه‌میشه‌ کورد له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌ناسێت.''

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاماده‌كارییه‌كان چین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕاسته‌وخۆ چه‌ك بداته‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌حه‌دیانه،‌ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ده‌ڵێت: ''داعش خه‌ریكی خۆئاماده‌كردنه‌ و به‌داخه‌وه‌ پۆلێك پێشمه‌رگه‌مان شەهید بوون، ئه‌مه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا داعش مه‌ترسی جیددییه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌ و خۆیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و خۆیان ئاماده‌ دەكه‌ن، هه‌ر ده‌رفه‌تێك هه‌بێت هێرش ده‌كه‌ن، دوای ئه‌م ڕووداوانه‌ گرنگه‌ ئەمریکا له‌گه‌ڵ ووڵاتانی هه‌میشه‌یی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه کە‌ عێراق بکرێته‌ کۆنفیدراڵی، چوونکه‌ عێراق به‌م دۆخه‌وه‌ ئاسان نییه‌ ئیدامه‌ی پێ بدرێت و ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بێت، ئێستا ئەمەریکا و ئه‌ورووپاش ڕاسته‌وخۆ وه‌ک ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان ده‌که‌ن، ڕاسته‌ باسی چوارچێوه‌ی عێراق ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌تان خۆیان هه‌ست به‌و مه‌ترسییه‌ بكه‌ن و ڕاسته‌وخۆ هاوكاری سه‌ربازی بده‌نه‌ ده‌ست پێشمه‌رگه.''

له‌باره‌ی ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ عێراقدا كاكه‌ حه‌مه‌ گوتیشی: ''كاك مه‌سعوود بارزانی ڕۆڵی گرینگ و به‌هێزی له‌ عێراقدا هه‌یه‌ و له‌ پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقیش ڕۆڵیان به‌هێز‌ و دیاره.''

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی كوردستان چۆن بێت؟ ناوبراو ڕایگه‌یاند: دۆخی کوردستان جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ شوێنه‌کانی دیکه،‌ کوردستان به‌ یه‌ک بازنه‌ زیاتر ته‌حه‌مول نا‌کات، ڕه‌نگه‌ ئه‌و کاته‌ ناوچه‌گه‌ری دروست ببێت، بۆیه‌ پێم وایه‌ ده‌بێت یه‌ک بازنه ‌بێت و ئه‌گه‌ر بشیانه‌وێت لیستی داخراو بێت.''

له‌باره‌ی ده‌ستووریشه‌وه‌ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو: ''ئه‌م خوله‌ی پەرلەمان ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و لایه‌نه‌كان بتوانێت ده‌ستوور تێ په‌ڕێنێت، لەوانەیە ساڵی دیكه‌ ئه‌م كاتانه‌ دەکرێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاپرسی بۆ ده‌ستووریش بكرێت.''

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی کە په‌كه‌كه‌ چی ده‌كات له‌ باشووری كوردستان و بۆچی گرفت بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات؟ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ووتی: '' په‌كه‌كه‌ له‌ خانه‌قین و كه‌ركووك و كه‌لار و له بیارەش بارەگای هەیە. پێم وایه‌ كورد له‌ هه‌ر جێگایه‌ك بێت یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه،‌ به‌ڵام چوارچێوه‌ی خه‌بات دیاری كراوه،‌ كورد لە باکووری کوردستان دەبێت له‌ چوارچێوه‌ی توركیادا داوای مافی خۆی بکات و له‌ باشووری كوردستانیش به ‌هه‌مان شێوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌بێت داوای مافی خۆی بكات، ئه‌مه‌ چوارچێوه‌ی سیاسییه‌ و به‌ئاسانی له‌ناو ناچێت، له‌ شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه‌ دانراوه‌ و ده‌بێت هه‌ر كه‌سێك چوارچێوه‌ی سیاسی و ئیداریی خۆی بزانێت و سنووری خۆی بزانێت.''