image

پەیامی کورد     ...   ١٤ی جانیوەری ساڵیادى کۆچى دوایی سوارە ئیلخانیزادە شاعیرى نوێخوازى کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین


سوارە ئیلخانیزادە کوڕی ئەحمەد ئاغای ئیلخانیزادە لە ٢١ی نیسانی ١٩٣٧ لە گوندی تورجان سەر بە شاری سەقز لە دایک بوو.
ھاوینی ١٩٥٤ دەچنە بۆکان .
سێ ساڵی ھەوەڵی ناوەندی لە شاری بۆکان خوێند (١٩٥٧–١٩٥٩)، پاشان بۆ درێژە دانی خوێندنەکەی ڕووی لە تەورێز کرد.
ساڵی ١٩٦٢ لە قوتابخانەی لوقمانی تەورێز دیپلۆمی وەرگرت. ھەر ئەو ساڵەش لە زانکۆی تاران بەشی ماف وەرگیرا و لەگەڵ ڕوقییە کە کچێکی ئازەری بوو، ژیانی ھاوسەرگیری پێک ھێنا و چوونە تاران.
 ساڵی ١٩٦٤ سوارە و ھاوار و چاوە ھاوڕێ لەگەڵ ١٥٠ کەسایەتیی ڕووناکبیری تری کورد بە تۆمەتی کوردایەتی لە گرتووخانەی (قزلقەڵا) قوڵبەست دەکرێن.
بۆ ماوەی شەش مانگ لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانە دابوو، شیعری (سوورەقەڵا دایکی بەڵا)ی لەو سەردەمەدا ئافراند.
دوای ئازادبوونی ساڵی ١٩٦٨ خوێندنی تەواو کرد.
سوارە ساڵی ١٩٦٧ لە بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دامەزرا.
زستانی ١٩٧٦ کاتێک بەرەو ماڵ دەبۆوە وەبەر ماشێنی ھاوکارێکی خۆی کەوت و بەم کارەساتە شێرپەنجەکەی خۆی دەرخەست و مەرگی بەدواە بوو.
 ١٤ی کانوونی دووەمی ١٩٧٦ سوارە ئیلخانیزادە ماڵاوایی لە ژیان کرد و تەرمەکەی لە گۆڕستانی بنەماڵەی خۆیان لە گوندی حەمامیان بە خاک ئەسپێردرا.
 سوارە کوڕێکی بەناوی بابەک لەپاش بەجێ ما کە ئەویش لە تەمەنێکی کەمدا کۆچی دوایی کرد.
 سوارە ئیلخانی زادە بە سێھەم کەس و سوارچاکی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار.
 ساڵی ١٩٦٢–١٩٦٣ شیعری شارى لەسەر کێشی (کەژاڵێ)ی ھاوار خوڵقاند و بەم شێوەیە دەستی بە گوتنی شیعری ئازاد کرد.
شیعری شار باس لە جیاوازیی کۆمەڵگای شار و لادێ دەکا. دوا بە دوای ویشدا شیعرەکانی خەوەبەردینە، شەنگەسوار و کچی بەیان و… دادەنێ.
سەرەڕای ئەوەی ناوەرۆکی بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی بەدڵ نەبوو و لەلایەن ناسیاوەکانییەوە کەوتە بەر تەوس و توانجێکی زۆروە لە ڕادیۆ تاران دەستی بەکار کرد و بەرنامەی تاپۆ و بوومەلێڵی نووسی و پێشکەشی کرد، ئەم بەنامەیە بۆ ماوەی چەن ساڵ بەردەوام بوو و دواتر لە کۆی کتێبەکدا کۆ کراوە و ھەنووکە بە دەنگیش چەند ئەڵقەیەکی لەبەر دەستە.
سوارە کوڕی عەشیرەت بوو و لە سەردەمێکدا دەژیا کە بیری کوردایەتی لە موکریان پەرەی سەندبوو و لە شیعردا ڕەنگی دابۆوە، ھەروەھا ژیانی غەریبی و تێکەڵ بوون لەگەڵ ڕووناکبیرانی کوردی ئەو سەردەمە ھەوێنی ئافراندنی بەرھەمەکانی بوون