image


پەیامی کورد … بریندار کرانی هاووڵاتییەکی مەدەنی کورد لە بانە

 لە ئاکامی ڕاوەدوونان و تەقەی کوێرکوێرانە لە کاسبکاران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، هاووڵاتییەکی مەدەنی بە سەختی بریندار کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢١ی ژانویەی ٢٠٢٢، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کەریم ئاوای نزیک شاری بانە لەکاتێکدا شوێن ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد کەوتبوون، کوێرکوێرانە تەقەیان کردووە و لە ئاکامدا هاووڵاتییەک بە سەختی بریندار بووە.

ناسنامەی ئەم هاووڵاتییە مەدەنییەی کە لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دابەزییەوە و لە تەنیشت جاددە ڕاوەستاوە، وریا حەسەنی ٢٩ ساڵە ڕاگەیەندراوە کە سێ گوللەی بەرکەوتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حەسەنی، وریا حەسەنی شانی گولەیەک و پشتی دوو گوللەی بەرکەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی: “وریا حەسەنی لە دوێنێوە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە خەوێندراوە و هێشتا وریایی خۆی بە دەست نەهێناوەتەوە و باری تەندروستی ناجێگیرە”.

جێگای ئاماژەیە کە وریا حەسەنی ٢٩ سالە، خێزاندار و باوکی منداڵێکە.