
پەیامی کورد... بوردوومان کردنی بنکەیەکی سوپای تورکیا لە بەعشیقە
بە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سوپای تورکیا لە قەزای بەعشیقە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە سایتی (نهار العربی) ڕاگەیاندوە، بنکەی سەربازی زلیکان لە بەعشیقە کە هێزەکانی سوپای تورکیای تێدا نیشتەجێن ڕووبەڕووی بۆردوومانی مووشەکی بووەتەوە.
ڕاشیگەیاندوە، تا ئێستا لەبارەی زیانە مرۆیی و مادییەکانەوە زانیاری بەردەست نین.
لە لایەکی ترەوە هێزەکانی کەتیبەی ئازادیخوازانی شنگال ڕایانگەیاندوە کە بنکەی زلیکان لە قەزای بەعشیقە کراوەتە ئامانج و مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو بە سەربازگەکەوە نراوە.
جێی ئاماژەیە دوێنێ لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەوە کرایە ئامانج و پاشنیوەڕۆکەشی کەمپی مەخموور کە کوردانی باکووری کوردستان تیایدا نیشتەجێن بۆردوومان کرا، بەو هۆیەشەوە لە هەر دوو بۆردوومانەکەدا قوربانی لێکەوتەوە، پێ دەچێت بۆردوومانکردنی سەربازگەکەی تورکیا لە بەعشیقە کاردانەوەی ئەو بۆردوومانانە بێت.