
پەیامی کورد... بومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 800 بریندار و گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە
بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند و لەئاکامدا نزیکەی 800 کەس برینداربوون. هاوکات، زیان بەر 70 گوند کەوتووە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی، لە زاری ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران-ـەوە رایگەیاندووە، چەقی بوومەلەرزەکە حەوت کیلۆمەتر لە ژێر زەوییەوە بووە و لە 23 کیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی شاری خۆی و 94 کلیۆمەتر باکووری ورمێ روویداوە.
محەممەد سادق موتەمەدین، پارێزگاری ئازەربایجان لەبارەی زیانە گیانییەکانی بومەلەرزەکەوە دەڵێت، 816 کەس برینداربوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوەدەکەن، بەهۆی بومەلەرزەکەوە 70 گوند زیانی ماددیان بەرکەوتووە.
ژمارەی دانیشتوانی شاری (خۆی) بە نزیکەی 200 هەزار کەس دەبێت، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەربە پارێزگای ورمێ و هاوسنووری باکووری کوردستان و لە نێوان دوو گۆلی وان و ورمێیە.