image

پەیامی کورد       ...    باڵیۆزی بەریتانیا بۆ سەرۆك بارزانی: ووڵاتانی هاوپەیمان سوورن لەسەر پاراستنی هەرێمی كوردستان

لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، بەریتانیا و ووڵاتانی هاوپەیمان، سوورن لەسەر پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەكان و، سەقامگیری و ئارامی هەرێمیش، بە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ سەقامگیری و ئارامیی عێراق و ناوچەكە دەزانن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە ستیڤن هیكی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری كرد و ڕایگەیاند، بەریتانیا و ووڵاتانی هاوپەیمان سوورن لەسەر پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەكان و، سەقامگیری و ئارامی هەرێم بە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ سەقامگیری و ئارامی عێراق و ناوچەكە دەزانن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، پڕۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و هەروەها تەحەددیاتی بەردەم هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا، ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پشتیوانیی و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ سەرخستنی چاكسازی و كاراتركردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپات كردەوە.