image

پەیامی کورد     ...    بەشیر حەداد  :  پارتی هەڵوێستی خۆی دەبێت " هەندێک لایەن هەڕەشە دەکەن " .

جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شیعەكان لە نێوخۆیاندا لە گفتوگۆی بەردەوامدان، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنێك و ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەێندرێت. دەشڵێ، گرینگە پەلە بكرێت لە راگەیاندنی ئەنجامەكان و پەرلەمان دەستبەكار بێت و حكوومەتی تازە درووست بكرێت.

دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد، ڕایگەیاند ، لەو دۆخەی ئێستادا ھەموو لایەنەكان لە چاوەڕوانیی ئەوەدان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەێندرێت و دواتر دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی بدات، چوونكە ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردن بەزەحمەت بووە و ھەندێك لایەن ھەڕەشە دەكەن و تەنانەت لە دوای ِڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانیش، گومان لەوە دەكرێت كە ئایا دادگای فیدراڵی چۆن پەسەندی دەكات، چوونكە ئەگەر دۆخی ئەمنی و سەقامگیری عێراق تێكبچێت، ڕەنگە دوابكەوێت.

حەداد ووتیشی، لە ئێستادا گفتوگۆی بەردەوام دەكرێت لە نێوان تەیاری سەدری و لایەنەكاندا، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن و تا ئێستاش ھەر بەردەوامن و چاوەڕێ دەكرێت لە رۆژانی داھاتوودا بگەنە ئەنجامێك.

جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، ڕەنگە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، كاتی زیاتری پێویست بێت، چوونكە پێویستە بە جۆرێك بێت ھیچ گرژییەك دروست نەبێت.

ناوبراو ئاماژەشی دا: "تا ئێستا ھیچ دەستكارییەكی دەنگەكانی پارتی نەكراوە و ھیچ كورسییەكی پارتی بە فەرمی كەم نەكراوەتەوە، پێویستە چاوەڕێ بكەین ئەنجامی كۆتایی رابگەیەندرێت ئەوكات دیار دەبێت و پارتیش لە كاتی خۆیدا ھەڵوێستی خۆی دەبێت".

دەشڵێ: "پێویستە پەلە بكرێت لە راگەیاندنی ئەنجامەكان و حكوومەتی نوێ دروست بكرێت و پەرلەمان دەستبەكار بێت، چوونكە پەرلەمان كاتی بەسەر چووە و حكوومەتیش كاربەڕێكەرە و دەسەڵاتەكانی سنووردارن، بۆیە گرینگە پەلە بكرێت.